هەولێر – نۆرس پرێس
پێشبینیدەکرێت ئەوروپا لە ماوەی رۆژانی شەممە و یەکشەممەدا رووبەڕووی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی بەرچاو ببێتەوە، لە کاتێکدا شەپۆلێکی گەرمای بەهێز رووی لە ئەوروپا کردووە و تەندروستی وڵاتان هۆشداری لەبارەی بەرکەوتن بە خۆرەوە دەدەن.
پسپۆڕان پێشبینیدەکەن پلەکانی گەرما لە ئیتاڵیا بەردەوامبێت لە بەرزبوونەوە تاوەکو ئەو ئاستەی کە جەستە بڕێکی زۆر ئارەقە دەردەدات.
زانایانی کەشناسی باس لەوە دەکەن کە پلەکانی گەرما لەو وڵاتە بۆ 12 پلەی سەدی زیاتر بەرزببێتەوە لە تێکڕای گشتی.
جگە لەوە لە 5 شاری دوورگەی سیسیلیای باشووری ئیتاڵیا هۆشداری نوێیان بۆ دانیشتووان دەرکرد سەبارەت بە چوونە دەرەوە لە نیوەی ڕۆژدا.
وەزارەتی تەندروستی ئیتاڵیاش رۆژی هەینی، 14ی تەمموزی 2023، هەمان هۆشداری لە 10 شار دەرکردبوو، لەنێویاندا ڕۆمای پایتەخت.
پلەی گەرمی لە نیکۆسیا 43 یە
لەپایتەختەکەی قوبرس، دەسەڵاتداران هۆشدارییەکی جدییان بڵاوکردەوە و داوای لە دانیشتووانەکەی کرد کە زیاتر هۆشیاربن و خۆیان لە بەکارهێنانی هەر ئامێرێک بەدوور بگرن کە ببێتە هۆی ئاگرکەوتنەوە.
لە نیکۆسیای پایتەخت، زیاتر لە 20 کەسی بەساڵاچوو پەنایان بردە بەر پەناگەیەک لەبەر ئەو گەرمایەی کە دەسەڵاتداران بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی شەپۆلی گەرمای هاوینیان تەرخانکردبوو.
پلەکانی گەرما لە نیکۆسیا تاوەکو نیوەڕۆی رۆژی شەممە دەگاتە 43 پلە، پێشبینیشناکرێت تەنانەت لە شەویشدا بۆ خوار 27 پلە دابەزێت، بەو پێیەی دەزانن کە شێ لە سەیرانگاکەدا لەسەدا 65 دەبێت.
ئەمەش دوای ئەوە دێت کە پلەکانی گەرما لە یۆنان گەیشتە سەرووی 40 پلەی سەدی، ئەمەش وایکرد گەشتیاران لە حاڵەتی توڕەبووندا بن دوای داخستنی ئەکرۆپۆلیس کە دیارترین شوێنی گەشتیارییە لە ئەسینای پایتەخت.