نەتەوە یەکگرتووەکان: مەرجەکانی دیمەشق قبوڵنەکراون

قامیشلۆ – نۆرس پرێس

نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، ئەوان نیگەرانن لە سەپاندنی “مەرجێکی قبوڵنەکراو”ی حکومەتی سوریا، سەبارەت بە گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ باکووری رۆژئاوای (ناوچەکانی ئۆپۆزسیۆن) سوریا، ئەم نیگەرانییەش تەنها دوای دوو رۆژ دێت لە دانیشتنێکی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کە بەهۆی ڤیتۆی رووسیاوە، رێگە نەدرا مۆڵەتی گەیاندنی هاوکارییەکان لە رێگەی سنوری تورکیا – سوریا درێژبکاتەوە.

لە رۆژی دووشەممەوە، 10ی تەمموزی 2023، گەیاندنی هاوکارییەکان لەرێگەی دەروازەی باب ئەلهەوا، نێوان تورکیا – سوریاوە راگیراوە، کە لە ساڵی 2014 بە بریاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ئەم دەروازەیە وەک دەروازەیەکی مرۆیی بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ ناوچەکانی لە دەرەوەی دەسەڵاتی دیمەشق دەستنیشانکرابوو.

رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، 13ی تەمموزی 2023، دیمەشق رایگەیاند، ئامادەییە بە چەند مەرجێک، رەزامەندیبدات بە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان لە رێگەی دەروازەی سنووری (باب ئەلهەوا) نێوان تورکیا و سوریا.

فەرمانگەی هەماهەنگی کاروباری مرۆیی (OCHA) لە پەیامێکدا بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش نووسیویەتی، دیمەشق دوو مەرجی داناوە بۆ رێگەدان بە گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان، بەڵام “رێگەپێدان پەیوەستە بە دوو مەرجی قبوڵنەکراوەوە”.

 یەکێک لە مەرجەکان کە فەرمانگەی هەماهەنگی کاروباری مرۆیی ئاشکرایکردووە، ئەوەیە کە نەتەوە یەکگرتووەکان نابێت پەیوەندی لەگەڵ هیچ گروپێکدا هەبێت کە لەلایەن حکومەتەوە بە “تیرۆریست” دەستنیشانکراوە.

ئەمەش رەنگە هەماهەنگی نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ هەندێک رێکخراوی فریاگوزاری کە لە دیمەشقەوە نزیک نین، ئاستەنگ بکات.

مەرجێکی دیکە ئەوەیە کە “لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سوور و مانگی سووری عەرەبی ” سەرپەرشتی و ئاسانکاری بۆ دابەشکردنی هاوکارییەکان دەکات.

سەبارەت بە مەرجی دووەم، نیگەرانی نێودەوڵەتی هەیە کە ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی حکوومەتی سووریا کۆنترۆڵی زیاتر لە چۆنییەتی دابەشکردنی یارمەتییەکان بکات.

سەرەرای ئەم نیگەرانیانە، فەرمانگەی هەماهەنگی کاروباری مرۆیی دەڵێت، ئەو ئامادەیی کە حکومەتی سوریا نیشانداوە بۆ رێگەپێدان، دەتوانێت ببێتە بنەمایەک بۆ ئەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بە شێوەیەکی یاسایی، پرۆسەی مرۆیی لە ریگەی سنورەکانەوە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو ئەنجامبدات.

نەتەوە یەکگرتووەکان پێی وایە ملیۆنان کەسی دانیشتووی باکوری رۆژئاوای سوریا، کە زۆربەیان لەژێر کۆنترۆڵی گروپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆندان، لەنێویاندا گروپە توندڕەوەکان، بەهۆی وەستانی هاوکارییەکان کاریگەرییان لەسەردەبێت.

نووسینگەی هەماهەنگی کاروباری مرۆیی لە پەیامەکەیدا بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان جەختیکردەوە لەسەر پێویستی کردنەوەی دەرگای پەیوەندی لەگەڵ حکوومەتی سوریا، بۆ روونکردنەوەی مەرجی زیاتر بۆ گەیاندنی هاوکاری مرۆییەکان بۆ باکوری رۆژئاوایی سوریا.

هەفتەی رابردووش، ئەمریکا، هەلوێستی روسیا و بەکارهێنانی ڤیتۆ لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، لە دژی پرۆژە بریاری درێژکردنەوەی مۆڵەتی گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان لە دەروازەی باب ئەلهەواوە بۆ ماوەی 6 مانگی دیکە، بە هەنگاوێکی “نامرۆڤانە” لە قەڵەمدا، و سەرکۆنەیکرد.

رۆژی سێشەممە رابردوو، 11ی تەمموزی 2023، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، سەبارەت بە پرسی درێژکردنەوەی مۆلەتی گەیاندنی هاوکارە مۆرییەکان لە ریگەی باب ئەلهەواوە کۆبووە، بەڵام بە هۆی ڤیتۆی رووسیاوە، تاکە دەرگای گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ ناوچەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا و گروپە توندرەوەکان داخرا.