دیمەشق – نۆرس پرێس
رۆژی هەینی، جبران باسیل، سەرۆکی بزووتنەوەی نیشتمانپەروەری ئازاد لە لوبنان، هێرشی کردە سەر بڕیارەکانی پەرلەمانی ئەوروپا کە ئامانج لێی پشتیوانیکردن و مانەوەی پەنابەرانی سوریایە لە لوبنان.
باسیل وتیشی، بڕیارەکە نەرێنی و قبوڵکراو نییە، پەیوەندیشی بە پرسی هێشتنەوەی ئاوارەکان لە لوبناندا هەیە، بە چ مافێک داوای ئەوە دەکرێت چونکە ئەوە بڕیارێکە پەیوەندی بە سەروەری لوبنانەوە هەیە.
ناوبراو وتی، بە چ دەسەڵاتێک ئەو شتانە بەسەر لوبناندا دەسەپێنێت کە لە کاتێکدا وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا قبوڵی ناکەن و سەقفی کۆچبەری لە 30 هەزار کەس تێناپەڕێت بۆ هەموو ئەوروپا، ئەمە لەکاتێکدایە کە لوبنان 2 ملیۆن ئاوارەی هەیە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر وڵاتانی ئەوروپا ئارەزووی گەڕانەوەی ئاوارەکانیان هەبوو، ئەوا پێویستە بەشداری بکەن لە دابینکردنی دارایی گەڕانەوەیان یاخود بیانبەنە ئەوروپا.
لە کۆتایی قسەکانیدا جەختی لە پێویستی پەرلەمانی لوبنان کردەوە کە بڕیارێکی ڕوون و پابەندکەر دەربکات بۆ ئەوەی حکومەت دەست بکات بە ڕێکخستنی گەڕانەوەی بە شکۆمەندانە و سەلامەتی پەنابەران.