دیمەشق بەمەرج رێگە دەدات بە پەڕینەوەی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ باکووری رۆژئاوای سوریا
دیمەشق – نۆرس پرێس
دیمەشق لە رێگەی پەیامێکەوە رەزامەندی خۆی بە نەتەوەیەکگرتووەکان گەیاندووە، بۆ بەکارهێنانی دەروازەی سنووری باب ئەلهەوا لەگەڵ تورکیا بۆ گواستنەوەی هاوکارییەکان بۆ باکووری رۆژئاوای سوریا، ئەویش تەنها بۆ ماوەی شەش مانگ، دوای شکستی ئەنجومەنی ئاسایش لە نوێکردنەوەی مۆڵەتەکە بۆ گواستنەوەی یارمەتییەکان.
باڵیۆزی سوریا لە نەتەوەیەکگرتووەکان، بەسام ئەلسەباغ، لە نامەیەکدا بۆ ئەنجومەنی ئاسایش، دوێنێ پێنجشەممە، کە ئاژانسی رۆیتەرز ناوەڕۆکەکەی بڵاوکردەوە، تیایدا دیمەشق مەرجی ئەوەی خستەڕوو کە گەیاندنی هاوکارییەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان دەبێت بە “هەماهەنگی تەواو لەگەڵ حکومەتی سوریا ” ئەنجام بدرێت.
ئەنجوومەنی ئاسایش دوای ڤیتۆی رووسیا لەسەر رەشنووسی بڕیارنامەی وڵاتانی رۆژئاوا بۆ پەڕینەوەی هاوکارییەکان بۆ ماوەی ساڵێک، نەیتوانی ئەو مۆڵەتە نوێ بکاتەوە و پڕۆژەی رووسیایان بە “رێگەدان تەنها بۆ ماوەی شەش مانگ” رەتکردەوە.
دوای ئەوەی دەنگدانەکە شکستی هێنا، ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ئەمریکا “بە قووڵی نائومێد بووە لە ڤیتۆی نامرۆڤانەی رووسیا بۆ یارمەتییە مرۆییە سنووربڕەکان بۆ سوریا”.
ستیفان دوجاریک، گوتەبێژی نەتەوەیەکگرتووەکان نائومێدی “ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس”ی سکرتێری گشتیی دەربڕی کە ئەنجومەنەکە نەگەیشتووەتە هیچ رێککەوتنێک، هەروەها داوای لە ئەندامان کرد هەوڵەکانیان “دوو هێندە” بکەن بۆ پاڵپشتیکردنی بەردەوامی هاوکارییە سنووربڕەکان بۆ سوریا.
لە کاتێکدا مۆسکۆ و دیمەشق باسیان لەوە دەکرد کە پرۆگرامە مرۆییەکان “سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سوریا پێشێل دەکات” و گاتیان “دەبێت هاوکارییەکان لە ناوخۆی وڵاتەوە بگەیەنرێن”.