کاردانەوەی رووسیا بەرامبەر بە پێدانی چەک بە ئۆکرانیا

هەولێر– نۆرس پرێس

ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە، هەریەک لە ڤلادمیر پوتینی سەرۆکی رووسیا و سێرگی لاڤرۆڤی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە، کاردانەوەی جیاوازیان بەرامبەر بە پێدانی چەک بە ئۆکرانیا دەربڕی.

ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا لە چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاند، کاریگەری مووشەکەکانی رۆژئاوا لە جەنگی ئۆکراین یەکلاکەرەوە نییە و پێدانی چەکی نوێ بە کیێڤ تەنھا رەوشی ئەو وڵاتە ئاڵۆزتر دەکات، ناکۆکییە نێودەوڵەتییەکانیش قوڵتر دەکاتەوە.

دووپاتیشیکردەوە، “ئەندامێتی ئۆکراین لە ناتۆ دەبێتە ھەڕەشە لەسەر ئاسایشی رووسیا”، بەگوتەی پوتن ھەر ئەوەش ھۆکاربووە بۆ دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنی سەربازی تایبەت بۆ سەر دراوسێکەیان.

سەرۆکی رووسیا، ئامادەیی وڵاتەکەشی پیشاندا بۆ درێژکردنەوەی رێککەوتنی دانەوێڵە ئەگەر لایەنەکانی تر پابەندی بەڵێنەکان بن.

لە لایەکی ترەوە، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا، لە چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاند، ئەمریکا و مانگەدەستکردەکانی ناتۆ ھەڕەشەی رووبەرووبوونەوەی سەربازی راستەوخۆیان دروستکردووە.

گوتیشی، “بەدەستھێنانی فڕۆکەی ئێف-16 لەلایەن ئۆکراینەوە, کە توانای ھەڵگرتنی چەکی ئەتۆمی ھەیە، دەبێتە ھەڕەشەیەکی ئەتۆمی لەسەر وڵاتەکەی”.

جەختیشیکردەوە، “کاری لە پێشینەی وڵاتەکەی ئاشتییە, لەگەڵ ئەوەشدا بەھەر رێگایەک بێت بەرگری لەخۆی دەکات”.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە دواین کۆبوونەوەی وڵاتانی ئەندامی ناتۆ لە پایتەختی لیتوانیا، پشتیوانی خۆیان بە پێدانی چەک بۆ ئۆکرانیا راگەیاند.