بایدن: پوتین جەنگەکەی دۆڕاندووە
هێلسنکی – نۆرس پرێس
دوێنێ پێنجشەممە، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی رووسیا لە جەنگی ئۆکرانیا سەرناکەوێت و هەر ئێستاش جەنگەکەی دۆڕاندووە.
ئەم گفتوگۆیە لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا هات، لە شاری هێلسنکی، پایتەختی فینلەندا، لەگەڵ هاوتا فینلەندییەکەی، ساوڵی نینیستۆ، دوای گفتوگۆکانی ئەمڕۆ لەگەڵ سەرکردەکانی وڵاتانی باکووری ئەوروپا، رایگەیاند کە “پۆتین لە شەڕەکەدا دۆڕا و مەحاڵە بتوانێت لە شەڕی ئۆکرانیادا سەربکەوێت”.
لە کۆنگرەکەدا ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەرێکی راستەقینە لەئارادا نییە، کە پوتین چەکی ئەتۆمی بەکاربهێنێت، هەرچەندە بە دڵنیاییەوە ناتوانرێت دڵنیابیت.
روونیشیکردەوە، رۆژئاوا و چین و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی داوایان لە پوتین کردبوو خۆی لەم هەنگاوە بەدوور بگرێت، پێشبینیش دەکات هێرشی پێچەوانەی ئۆکرانیا ببێتە هۆی دانوستان لەگەڵ رووسیا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە.
هەروەها پرسیار لە بایدن کرا سەبارەت بە “یەڤگنی پریگۆژین”ی سەرۆکی ڤاگنەر کە یاخیبونێکی لە رووسیا بەڕێوە دەبرد، سەرۆکی ئەمریکا لە وەڵامدا گاتی، ” تەنها خودا دەزانێت چی دەکات، تەنانەت بە تەواوی نازانین لە کوێیە، ئەگەر من ئەو بومایە زیاتر وریا دەبووم لەوەی چی پاروویەک دەخەمە دەممەوە”.
بە گوتەی بایدن، “ئاسان نییە کە بزانرێت داهاتووی پریگۆژین چی بەدوای خۆیدا دەهێنێت”.
بایدن رایگەیاند، “فینلاند وڵاتێکی زیندووە، ئەندامێتی فینلاند لە ناتۆ و ئەندامێتی سوید کە بەم زووانە دەبێتە ئەندام، هەردوو وڵات سەلامەتتر دەکات.”
گوتیشی “ئەندامێتی لە ناتۆ لە هەموو وڵاتانی باکوور ئەگەری هەڵنەگیرسانی شەڕەکان زیاتر دەکات”.
لە کۆتایی قسەکانیدا بایدن ئاماژەی بەوەدا کە “دواجار پوتینی سەرۆکی رووسیا بڕیار دەدات کە درێژەدان بەو جەنگە لە بەرژەوەندی رووسیا نییە، هەروەها رووسیا ناتوانێت ساڵانێکی درێژ بەو جەنگەوە سەرقاڵ بێت”.