رووداوێکی هاتوچۆ لە زاخۆ 29 کەس بریندار دەکات

هەولێر – نۆرس پرێس

 ئەمڕۆ پێنجشەممە لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا لەنێوان دوو ئۆتۆمبێل لەسەر ڕێگای نێوان دهۆک-زاخۆ و بەدیاریکراوی ڕووداوەکە لە نزیک تۆنێلی زاخۆ رویداوە 29 کەس برینداربوون.

کاربەدەستانی زاخۆ رایدەگەیەنن، ئەو ڕووداوە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی کەسێک وبرینداربوونی 29 کەسی تر، سەرجەم بریندارانیش گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکانی زاخۆ.

تیمەکانی تەندروستی سەرقاڵی چارەسەری پزیشکین بۆ برینداران، بریندارەکان جۆراوجۆرن بەشێکیان برینەکانیان سەختە و بەشێکی تریش برینیان سووکە بەڵام هەموویان لە زاخۆ چارەسەری پزیشکی وەردەگرن و هیچ کام لەو بریندارانە نەگواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکانی دهۆک.

بەپێی سەرچاوەکان، ئەو کەسانەی کە برینداربوونە خەڵکی کەمپی قادیای سەر بە ناحیەی باتێلێی سنوری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆن و بەگوتەی بەرپرسانی ناوچەکە ئەمە یەکەم ڕووداوە کە بەو شێوەیە لەماوەی ئەمساڵدا لە سنوری زاخۆ ڕوودەدات.