دیمەشق – نۆرس پرێس
دەسەڵاتدارانی ئۆکرانیا رۆژی پێنجشەممە، 13ی تەمموزی 2023، رایانگەیاند، لە هێرشێکی فرۆکەی بێفرۆکەوانی رووسیدا لە کیێڤ، کەسێک کوژرا و بەلایەنی کەمەوە چوار کەسی دیکەش بریندار بوون، ئەم هێرشە لە چوارچێوەی زنجیرەیەک هێرشدا دێت لە دوای کۆبوونەوەی لوتکەی ناتۆ، کە لە کۆبوونەوەکەدا بە روونی باسی ئەندامێتی ئۆکرانیا لە ناتۆدا کرا.
بەرپرسانی سەربازی لە کیێڤ رایگەیاند، پایتەختی ئۆکرانیا رووبەرووی هێرشێکی توندی فرۆکە بێفرۆکەوانەکانی ئێرانی بووەتەوە، ئەمەش سێیەم هێرشی لەسەریەک بووە، لەدوای بەرێوەچوونی کۆبوونەوەی لوتکەی ناتۆ لە پایتەختی لیتوانیا.
بەرپرسانی ئۆکرانیا دەلێن، ژمارەیەک لە فرۆکەی “شاهد” کە لەلایەن ئێرانەوە دروستکراوە، لە چەند لایەکەوە هێرشیان کردە سەر شاری کیێڤی پایتەخت، گوتیان “12 لە فرۆکەکان” لە ئاسمانی شارەکەدا خراونەتە خوارەوە.
سەبارەت بە زیانەکانی هێرشەکە، کیێڤ رایگەیاند، بەهۆی ئەوەی پارچەیەک لە فرۆکەیەکی بێفرۆکەوان بەر نهۆمی 25ی یەکێک لە باڵەخانەکانی شارەکە کەوتووە، زیانی ماددی گەیاندووە بە باڵەخانەکە.
باس لەوەشکراوە، لە ناوچەی دارنیتسکی، لە دەوروبەری کیێڤ، ژنێک و پیاوێک برینداربوون و گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.
سەرۆکی شارەوانی کیێڤی پایتەختی ئۆکراینا، ڤیتالی کلیچکۆ رایگەیاند، تەرمی دانیشتوویەک لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگر لە ناوچەی مێژوویی پۆدیل لە پایتەخت لەلایەن کارمەندانی فریاکەوتنەوە دەرهێنراوە.
زیادبوونەوەی ئەم هێرشانە لە کاتێکدیە کە لە ناوەراستی ئەم هەفتەیەدا، ئەندامانی ناتۆ بەڵێنیاندا پالپێشتی زیاتری کیێڤ لەرووی سەربازییەوە بکەن.