موقتەدا سەدر وەڵامی مالیکی دەداتەوە

هەولێر- نۆرس پرێس

ئەمڕۆ، سێشەممە، موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر رایگەیاند، “سوێند بە خوێنی تۆ حەیدەر و بە کوڕە سەربڕاوەکەت، سوێند بە خودا گەندەڵ لەنێو ئێمەدا حکومڕانی ناکات، منیش پشتیوانیی گەندەڵی ناکەم، ئاخۆ هیچ کەسێک نییە پشتیوانیمان بکات؟”

شەوی رابردوو مالیکی لە وتارێکی تەلەفزیۆنیدا بە بۆنەی عاشوراوە رایگەیاند، “عێراق وڵاتێ پێکهاتەکانە و گەلەکەی لە پێکهاتەی جیاواز پێکهاتووە، و ناتوانرێت هیچ خواستێک جگە لە خواستی گەلەکەی بەسەریدا بسەپێندرێت و تەنها لەڕێگەی دامەزراوە دەستوورییەکانییەوە نوێنەرایەتی دەکرێت، کە لە پەرلەمانێکی هەڵبژێردراودا خۆی دەنوێنێت.”

وتەکانی مالیکی پێچەوانەی خواستەکانی نەیارەکەی بوو، کە موقتەدا سەدر، سەرۆکی رەوتی سەدرە، لە ماوەی پێشودا لایەنگرانی هاندەدا بۆ مانەوە و مانگرتن لەناو پەرلەمان و ئەمەشی بە “شۆڕش” ناوزەد کرد و داوای گۆڕانکاری دەکرد لە سیستەمی ڕامیاری عێراقدا.

ئەم تویتەی سەدر وەک وەڵامێکی توند و راستەوخۆ دێت بۆ مالیکی، بە تایبەت کە پێشتریش مالیکی بە “گەندەڵ” ناوبردووە.

ئێستاش دوای ئاڵۆزکانی دۆخی سیاسی و وەڵامی توندی دوو لایەنە ناکۆکەکە، جارێکی تر پرسیارەکان سەبارەت بە چارەنووسی عێراق سەرهەڵدەدەنەوە، داخۆ ئەم بە بنبەست گەشتنە تا کوێ دەڕوات و بەرەو چی سەردەکێشێت؟ گە شتن بە رێکەوتن و چارەسەری دۆخی سیاسی، یان ئاڵۆزتر بوونی دۆخەکە؟