بارزانی جەخت لەسەر چارەسەركردنی ناكۆكییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا دەكاتەوە

هه‌ولێر – نۆرس پرێس

سەرۆکی هەرێمی کوردستان نیچیرڤان بارزانی جه‌ختی له‌ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا كرده‌وه‌

حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ جه‌ندین ساڵه‌ ناكۆكییەكان لەسەر نەوت و ناوچە كوردستانیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمه‌ هه‌یه‌،ئه‌وه‌ جگه‌ له‌ ململانێ سیاسیەی نێوان هێزە سیاسییەكانی عێراق لەسەر پێكهێنانی حكومەت.

بەپێی راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، ئه‌و قسانه‌ی نیچیرڤان بارزانی، لە میانی كۆبونەوەی لەگەڵ مارك برايسۆن ريچاردسۆن، باڵيۆزى به‌ريتانيا له‌ ‏عێراق و شاندی یاوەری هات.

بارزانی لەگەڵ باڵیۆزی بەریتانیا تاوتوێی دوايين پێشهاته‌كانى دۆخى عێراق و ته‌حه‌دييه‌كانى به‌رده‌م ‏پرۆسه‌ى سياسى،و كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا،و دۆخى ناوخۆ و هه‌ڵبژاردنه‌كانى ‏داهاتوى هه‌رێمى كوردستان كرد،

هه‌روه‌ها تیشكی خسته‌ سه‌ر، پرۆسه‌ى چاكسازى له‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و ‏يه‌كخستنه‌وه‌ى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ و بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى به‌ريتانيا له‌گه‌ڵ ‏عێراق و هه‌رێمى كوردستان،

هه‌ردوولا ئاماژه‌یان به‌ گرنگيى گه‌يشتنى هێز و لايه‌نه‌ عيراقييه‌كان به‌ ‏لێكگه‌يشتن بۆ تێپه‌ڕاندنى سه‌ختييه‌كانى به‌رده‌م پرۆسه‌ى سياسى و پێويستيى ‏پاراستنى سه‌قامگيريى ئه‌منى و سياسى له‌ وڵات،

سەرۆکی هەرێمی کوردستان دوپاتى كرده‌وه‌،‌ چاره‌سه‌كردنى كێشه‌كانى نێوان حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكومه‌تى ‏فيدراڵى عێراق، كليلى ئارامى و چاره‌سه‌رى كێشه‌كانى عێراقه‌ و ئاڵۆزكردنى ‏كێشه‌كان له‌ به‌رژه‌وه‌نديى هيچ لايه‌نێكدا نييه و كه‌س تيايدا براوه‌ نابێت‌.‏

دوێنێ چوارشەممە، کەناڵی “حورە” له‌سه‌ر زاری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بڵاوکردەوە، کە تێیدا داوای لە حکومەتی ناوەندی و هەرێم کرد لەسەر مێزی دانوستان كۆببنه‌وه‌ بۆ ئەوەی چارەسەرێک بۆ دۆسیەی نەوت بدۆزنه‌وه‌ کە هەردولا قبوڵی بكه‌ن و دور بکەونه‌وه‌ لە گرتنەبەری هه‌نگاوه‌كانی به‌ره‌و گرژی بون.

لە چەند مانگی رابردودا ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر داهاتی نەوت و غاز لە هەرێم خراپتر بون، ئەمەش وایکرد کۆمپانیا بیانییەکان لە هەرێم بکشێنەوە و ملکەچی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بۆ رێگریکردن لە مامەڵەکردن لەگەڵ هەرێم و لەبری ئەوە مامەڵە لەگەڵ وەزارەتی نه‌وتی عێراق بکەن ، بە بیانوی ئەوەی یاسای نەوت و گازی هەرێم دەستوری نییە.

ئامادەکردن و داڕشتنه‌وه‌: هۆزان زوبەیر