لەکاتی هەوڵدانیاندا بۆ پەڕینەوە لە سنوور.. جەندرمەی تورکیا 14 کۆچبەری سوری دەستگیردەکات

ئیدلیب – نۆرس پرێس

بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، جەندرمەی تورکیا 14 کۆچبەری سورییان دەستگیرکرد کە 4 ژن و منداڵەکانیان لە نێویاندا هەبوون، لە کاتێکدا هەوڵیان دەدا لە رێگەی میحوەری “خەربە ئەلجۆز”ەوە لە باکووری رۆژئاوای ئیدلبەوە بپەڕنەوە بۆ ناو خاکی تورکیا، مەترسی ئەشکەنجەدانیان هەیە.

سەرچاوەیەکی تایبەت بە نۆرس پرێسی راگەیاند، “جەندرمە”ی تورکیا چاوپۆشی لە پەڕینەوەی ئاوارەکان لە دیواری  سنوورییەکەوە کردووە، بۆ ئەوەی بتوانن لەو ساتەدا دەستگیریان بکەن کە چوونەتە ناو خاکی تورکیاوە، لەوێش براونەتە ناوەندی چاودێری بەرامبەر بە گوندی “خەربە ئەلجۆز”.

ئاماژەی بەوەشکرد، دەستگیرکراوەکان ژمارەیان 14 کەس بووە، لەنێویاندا 4 ژن لەگەڵ منداڵەکانیان هەبوون، ئەوانەی کە ناسنامەیان زانراوە، تەنها ئەم ناوانەن “لوبانە سەرموح، دیما سویدان و ئێناس ئەلایز”.

لە سەرەتای ئەم مانگەدا، “جەندرمە”، 16 کەسی دەستگیرکرد کە 3 ژنیان تیادا هەبوو، لە کاتێکدا هەوڵیان دەدا دیواری جیاکردنەوەی نێوان سنوورەکانی تورکیا و سوریا لە میحوەری عزمارینەوە لە رۆژئاوای ئیدلب ببڕن.

رووداوەکانی دەستبەسەرکردن و ئەشکەنجەدانی ئەو کۆچبەرە سورییانەی کە هەوڵی پەڕینەوە بۆ ناو خاکی تورکیا دەدەن لەلایەن جەندرمەی تورکیاوە دووبارە دەبنەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە نیگەرانی لە چارەنووسیان و ترسی بنەماڵەکانیان لە ئەشکەنجەی دڕندانە لەئارادایە، دوای ئەوەی دەیان کۆچبەر بە گولەی جەندرمەی تورکیا گیانیانلەدەستداوە..

ئامادەکردنی: هانی سالم – داڕشتنەوەی: مالین محەمەد