رێکخراوی تەندروستی جیهانی هۆشداریدەدات لەبارەی حەسەکەی رۆژئاوایی کوردستانەوە

قامیشلۆ – نۆرس پرێس

رێکخراوی تەندروستی جیهانی هۆشداریدەدات لە دروستبوونی “کارەساتێک” بەهۆی بڕینی ئاوی خواردنەوە لە سەر نزیکەی ملیۆنێک کەس لە شاری حەسەکەی رۆژئاوایی کوردستان، هاوکات داوای پاراستنی ژێرخانی مەدەنی و رێگەدان بە چوونە ژوورەوەی سەلامەت بۆ وێستگەی ئاوی “عەلوک” دەکات، کە ئاو بۆ ناوچەی حەسەکە دابیندەکات.

ئێناس حەمام، گوتەبێژی ناوچەیی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ نۆرس پرێس رایگەیاند، لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوین و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، رێکخراوەکە نیگەرانە لە بڕینی بەردەوام ئاوی وێستگەی عەلووک، کە دواین جار لە 27 حوزەیرانی 2023 بوو.

لە مانگی تشرینی یەکەمی 2019 تورکیا و گرۆپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا دەستیان بەسەر شارۆچکەی سەرێ کانی و وێستگەی عەلووکدا گرت، و دواتر سەرجەم پێکهاتەکانی رۆژئاوای کوردستان لە مافی دەستکەوتنی ئاوی پێویست و سەلامەت بێبەش کران.

رێکخراوی تەندروستی جیهانی گوتی، دەمەوێت هەموو لایەنەکانی بە بیربهێنم، “وێستگە ئاوییەکان، ژێرخانی مەدەنین کە دەبێت هەمیشە پارێزراو بن”.

گوتەبێژی رێکخراوەکە داوایکرد، کە رێرەوێکی سەلامەت بۆ چوونە ژوورەوەی وێستگەی عەلووک دابینبکرێت، بۆ ئەوەی کارمەندانی تەکنیکی و مرۆیی، بێبەربەست دەستیان بگاتە وێستگەکە و کاری نووژەنکردنەوە تێدا ئەنجام بدن.

زۆربەری چاودێرانی دۆخی سوریا لە سەر ئەوە کۆکن، کە تورکیا ئاو وەک کارتێکی گوشاری جیۆپۆلەتیکی بۆ سەر بەرێوبەرایەتی خۆسەر بەکار دەهێنێت.

لە سەرەتای ئەم مانگەدا، بەرێوەبەرایەتی ئاوی بەرێوبەرایەتی خۆسەر، حەسەکە و گوندەواری بە “ناوچەی کارەساتبار” ناساند بەهۆی برینی ئاوی وێستگەی ئاوی عەلوک لەلایەن تورکیاوە، و بە هاوبەشی روسیا و حکومەتی سوریا.

ئێناس حەمام، ئاماژەی بەوەدا، بڕینی ئاو بە شێوەیەکی دووبارە، زۆرجار دانیشتووان پاڵدەنێت بۆ ئەوەی پشتبەستن بە سەرچاوەی ئاوی ناپارێزراو، جا چ لە بیرە سەرزەویەکانەوە بێت یان تانکەری ئاوی خاوەندارێتی تایبەت کە زۆرجار کۆنترۆڵ نەکراوە و نازانرێت ئاوی ناو تانکەرەکان پاکە یان نا.

ئاماژەی بەوەشکردووە، رۆژ لەدوای رۆژ کاریگەرییە تەندروستییەکان زیاتر دەردەکەوەن، چونکە “ئاستی پاکوخاوێنی و تەندروستی کەسی و رەفتارە دروستەکانی وەک دەستشۆردن و سەوزە و میوە کەمدەبێتەوە و رەنگە کارگەکانی سەهۆڵ سەرچاوەی ئاوی ناپارێزراو بەکاربهێنن”.


بەگوێرەی گوتەبێژی ناوچەیی رێکخراوی تەندروستی جیهانی “ئەم دۆخی ئێستا، مەترسی تەندروستی گەورە بۆ سەر ژیانی زیاتر لە ملیۆنێک کەس دروستدەکات، بەتایبەتی لە کەمپەکان دەمێنەوە “.

وێستگەی ئاوی عەلووک کە لە ماوەی چوار ساڵی رابردوو، زیاتر لە 40 جار براوە، تاکە سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەیە بۆ دانیشتوانی شاری حەسەکە و شارۆچکەی تەل تەمر و گوندەواری ئەو دوو شوێنە، جگە لەوەی سەرچاوەی سەرەکی گواستنەوەی ئاوە بۆ کەمپەکانی ئاوارەکانی سەرێ کانی.

نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریدا لە زیادبوونی ئەگەری بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە گواستراوەکانی ئاو وەک سکچوون، تایفۆید و کۆلێرا، هەروەها کاریگەری لەسەر کارکردن و سەلامەتی دامەزراوە تەندروستییەکان و خزمەتگوزارییەکان، بەتایبەتی لە ژێر رۆشنایی “سیستەمێکی تەندروستی ماندوو”دا.

گوتەبێژەکە، دووپاتی کردەوە کە رێکخراوی تەندروستی جیهانی بەرپرسیارێتی خۆی لە باکووری رۆژهەڵاتی سوریا جێبەجێدەکات، بە چاودێریکردنی کوالێتی ئاو و سەرچاوەکانی بە هەماهەنگییەکی نزیک لەگەڵ دەسەڵاتە خۆجێییەکانی بەرپرسیار لە ئاو، بە تایبەتی لە نێو کەمپەکان.

رێکخراوەکە دەڵێت، کار دەکەن لەسەر دابەشکردنی حەبی پاکردنەوەی “تەعقیمکردن”ی ئاو بەسەر ماڵ و دامەزراوە تەندروستییەکانی ناوچەکەدا.