هەواڵگری تورکیا 5 دەستگیرکراو لە سەرێ کانییەوە بۆ خاکی تورکیا دەگوازێتەوە
ئیدلب – نۆرس پرێس
هێزەکانی تورکیا بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزی پۆلیسی سەربازی لەنێو سوپای نیشتیمانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا، شەوی رابردوو، 5 دەستگیرکراویان لە زیندانێکی سەرێ کانی/ راس ئەلعەین لە باکووری حەسەکە گواستەوە بۆ یەکێک لە زیندانەکانی شاری ئورفای تورکیا.
سەرچاوەیەکی سەربازی ئۆپۆزسیۆن بۆ نۆرس پرێس پشتراستکردەوە کە ئەو دەستگیرکراوانە لە مانگی ئازاری ساڵی رابردوودا دەستگیرکراون، لە میانی هەڵمەتێکی دەستگیرکردن کە لەلایەن پۆلیسی سەربازی و سوپای نیشتمانی لە گوندی مەبروکا لە گوندەواری سەرێ کانی ئەنجامدرا.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو دەستگیرکراوانە لەلایەن پۆلیسی سەربازییەوە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کراوە، هەروەها “پێشینەی تاوانیان” لە فایلەکەیان دانراوە، لەنێویاندا 3 گەنجی کورد لە کە لەبواری کشتوکاڵی راس ئەلعەین کاردەکەن.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەدا کە پۆلیسی سەربازی بە پشتبەستن بە راپۆرتی لێکۆڵینەوەکە، دەستگیرکراوەکانی گواستەوە بۆ “ناوەندی دژە تیرۆر” لە شارەکە، بۆ ئەوەی لە نیوەی شەودا دووبارە بگوازرێنەوە لەلایەن هەواڵگری تورکیاوە لە رێگەی دەروازەی راس ئەلعەین بۆ زیندانێک لە ویلایەتی ئورفا، کە رەنگە بۆ ساڵانێک سزایان بەسەردا بسەپێنرێت.