پێدانی پارەی گەنمی جوتیاران لە قامشلۆ
قامشلۆ – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ چوارشەممە، فەرمانگەی نەختینە و پارەدان لە قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان، دوای وەرگرتنی بەرهەمەکانی گەنم لە سایلۆکانی ناوچەکە، دەستیکرد بە پێدانی شایستەی گەنمی جووتیاران.
رێناس حەمۆ، بەڕێوەبەری فەرمانگەی نەختینە و پارەدان لە هەرێمی جەزیرە رایگەیاند، دەستیان کردووە بە دابەشکردنی پارەی گەنم بەسەر جووتیارانی سایلۆکانی قامشلۆدا کە ژمارەیان بە 350 جووتیار مەزەندە دەکرێت.
بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەشکرد، پرۆسەی خەرجکردن و پێدان بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت، تاوەکو تەواوبوونی سەرجەم ئەو ناوانەی لە خشتەی کۆمپانیای گەشەپێدانی کۆمەڵگەی کشتوکاڵییەوە نێردراون.
حەمۆ باسی لەوەشکرد، پرۆسەی وەرگرتنی گەنم لە جووتیارانی هەرێمی جەزیرە لە 28ی ئایارەوە دەستیپێکردووە، هەروەها سێ ناوەند دەستنیشانکراون بۆ پێدانی شایستەی جووتیاران لە هەریەک لە حەسەکە و قامشلۆ و دێریک.
هەروەک هۆکاری دواکەوتنی پێدانی شایستەی خوتیارانی قامشلۆی بۆ دواکەوتنی خشتەکانی کۆمپانیای گەشەپێدانی کشتوکاڵی و سایلۆکانی دابینکردنی گەنم گەڕاندەوە.
محمد حاج یونس، جووتیارێکی خەڵکی قامشلۆیە و دەڵێت، ئەو ڕێکارانەی کە بۆ پێدانی شایستەکان بەکارهێنراون باشتر بووە لە ساڵی رابردوو، بە گوتەی ئەو، ساڵی پێشوو پشێوی لە پێدانەکەدا هەبووە.