کارمەندانی ئێف بی ئای ھەڵیانکوتایە سەر کۆشکەکەی ترامپ لە فلۆریدا
هەولێر- نۆرس پرێس
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا رایگەیاند، کارمەندانی نوسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی ھەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەی لە ویلایەتی فلۆریدا.
ترەمپ لە راگەیەنراوێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (تروس سۆشیال) ئاماژەی بەوەکردووە، ژمارەیەکی زۆر لە کارمەندانی (ئێف بی ئای) ھەڵیانکوتاوەتە سەر کۆشکەکەی لە ھاوینەھەواری (مار ئە لاگۆ) لە ویلایەتی فلۆریدا و گەمارۆیان خستووەتەسەر.
ترەمپ رەفتاری کارمەندانی نوسینگەی فیدراڵی بە پێچەوانەی یاسا ناوبرد و رایگەیاند، چەپە توندڕەوەکانی ناو دیموکراتەکان سیستمی دادوەری وەک چەکێک بۆ پەلاماردان بەکاردەھێنن و رێگەنادەن خۆی بۆ ھەڵبژاردنی ساڵی 2024 کاندید بکات.
ئەوەش لەکاتێکدایە لەسەر رووداوی ھەڵکوتانە سەر بینای کاپیتۆڵ لە 6ی کانونی دووەمی ساڵی 2021، کۆنگرێس و وەزارەتی دادی ئەمریکا چەندین دۆسیەی لێکۆڵینەوەیان بۆ ترەمپ کردووەتەوە و لەماوەی رابردووشدا تۆمەتبارکرا بەھەوڵدان بۆ کودەتاکردن بەسەر ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا.