داهاتووی سەڵاح لەگەڵ لیڤەرپوول ئاڵۆزە

هەولێر – نۆرس پرێس

محەمەد سەڵاح، ئەستێرەی یانەی لیڤەرپوول، رەنگە هاوینی داهاتوو خۆی لە ململانێ لەگەڵ یانەکەیدا ببینێتەوە، ئەمەش بەهۆی ئەگەری بەشداریکردنی لە یارییەکانی ئۆڵۆمپیادی 2024 لە پاریس لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی.

ئەستێرەی یانەی لیڤەرپوول، بریارە لە مانگی کانوونی دووەم و شوباتدا بەشداری لە ژمارەیەک یارییدا نەکات، ئەمەش لە ئەنجامی بەشداریکردنی لە جامی نەتەوەکانی ئەفریقا، لەکاتێکدا یاریزانە تەمەن 31 ساڵەکە خۆی ئامادە دەکات بۆ ئەوەی پێشەنگی میسری بگرێت لە خولی داهاتووی پاڵەوانێتییەکەدا.

ماڵپەری “لیڤەرپوول ئیکۆ” ئاماژەی بە لێدوانەکانی رۆجەرۆ میکالی، راهێنەری هەڵبژاردەی میسر کردووە، کە تیایدا ئاماژەی بە ئەگەری بەشداریکردنی محەمەد سەڵاح کردووە لەگەڵ هەڵبژاردەی نیشتمانی لە ئۆڵۆمپیادی پاریس، کە لە نێوان 26ی تەممووز تا 11ی ئابی 2024 بەرێوەدەچێت.

ماڵپەرەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لێدوانەکانی میکالی بە مانای ئامادەنەبوونی سەڵاح دێت لە بەشداریکردن لە یەکەم یارییەکانی وەرزی 2024-2025.

هەروەها روونیشیکردۆتەوە کە لیڤەرپوول مافی ئەوەی هەیە رێگری لە سەڵاح بکات لە یاریکردن بۆ میسر ئەگەر بیەوێت، ، چونکە پاڵەوانێتییەکە ناچێتە ژێر ئەجێندای “فیفا”، هەروەها بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە یاریزانەکە چاوەرێی بەشداریکردن بوو لە جامی نەتەوەکانی ئەفریقای 2022 .

سەڵاح تاوەکو ئێستا 51 گۆڵی لەگەڵ هەڵبژاردەی میسر تۆمار کردووە، حسام حەسەنیش بە تۆمارکردنی 68 گۆڵ لە پێشەنگی لیستی گۆڵکاری مێژوویی فیرعەونەکانە.