ئەمریکا سەرکۆنەی ڤیتۆی رووسیا دەکات دەربارەی گەیاندنی هاوکارییەمرۆییەکان بۆ سوریا

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئەمەریکا ئەو هەنگاوەی رووسیا و ڤیتۆ “نامرۆڤانە”کەی دژ بە نوێکردنەوەی میکانیزمی ناردنی هاوکارییە مرۆییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سوریا سەرکۆنەکرد.

لە ژێر رۆشنایی پێشنیارەکەی رووسیا و رەتکردنەوەی لە لایەن وڵاتانی رۆژئاواییەوە، پێشنیارەکەی رووسیا بۆ رەزامەندی نیشاندان لەسەر نوێکردنەوەی ناردنی هاوکارییەکان بۆ ماوەی شەش مانگ، رەتکرایەوە و بەمشێوە کۆتایی هات بە ناردنی ئەو هاوکارییانە بۆ باکووری رۆژئاوای سوریا، کە لەژێر کۆنترۆڵی گروپە دڵسۆزەکانی تورکیا و دەستەی تەحریرشامدایە (بەرەی نوسرەی پێشوو).

رەتکردنەوەی رووسیا بەو مانایەیە کە نەتەوەیەکگرتووەکان و هاوبەشەکانیان دەسەڵاتیان نییە بەردەوام بن لە بەکارهێنانی دەروازەی باب ئەلهەوا لەسەر سنووری سوریا و تورکیا بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان.

دوای دەنگدانەکە، ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ئەمریکا “بە قووڵی نائومێد بووە لە ڤیتۆی نامرۆڤانەی رووسیا بۆ گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ سوریا”.

میلەر گوتی: “ئێمە هەندێکجار وتوومانە کە دەبێ ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ ماوەی 12 مانگ گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ سوریا درێژبکاتەوە، بۆ ئەوەی ئەم هێڵە ژیانییە گرنگە بۆ گەلی سوریا دەستەبەر بکرێت”.

رووسیا پێشنیاری درێژکردنەوەی ماوەی شەش مانگی خستەڕوو، بەڵام لەلایەن فەرەنسا و بەریتانیا و ئەمریکاوە رەتکرایەوە، بەگوێرەی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، چین پشتگیری لە پێشنیازەکەی کردووە لە کاتێکدا 10 ئەندام دەنگیان نەدا.

فەرەنسا رایگەیاندووە، نوێکردنەوەی شەش مانگ، “سوریای دەخستە ناو نادڵنیایی زستانەوە”، بۆچوونێک لەلایەن ئەندامانی دیکەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دەنگی دایەوە.

بەڵام ڤاسیلی نەبێنزیا، نوێنەری رووسیا لە نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشداریدا لەوەی ئەگەر پشتگیری درێژکردنەوەی ماوەی شەش مانگ نەکرێت، “دەتوانین هەنگاوێک بچینە پێشەوە و میکانیزمەکە کۆتایی پێبێنین”.

مۆسکۆ و دیمەشق باسیان لەوە کردووە کە هاوکارییە مرۆییەکان “سەروەری خاکی سوریا و یەکپارچەیی پێشێل دەکات” و دەبێت خۆراک و هاوکارییە مرۆییەکانی دیکە لە ناوخۆی وڵاتەوە بگەیەنرێن.

بەپێی راگەێنراوی نوێنەری هەمیشەیی سوریا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بەسام ئەلسەباغ، دیمەشق بڕیارەکەی رووسیای لە دژی “رەشنووسی بڕیارنامەیەکی ئەنجومەنی ئاسایشی رۆژئاوا کە پێشێلکردنی سەروەری سوریایە (..)” بەرز نرخاند.

لیندا تۆماس گرینفیڵد باڵیۆزی ئەمەریکا رایگەیاند، ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە کارکردن لەگەڵ سەرجەم ئەندامانی ئەنجومەنەکە بۆ نوێکردنەوەی پرۆسەی هاوکارییەکان و داوای لە رووسیا کرد بە هەڵوێستی خۆیدا بچێتەوە.

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان پاڵپشتی کردبوو لە درێژکردنەوەکە بۆ ماوەی 12 مانگ.

ستیفان دوجاریک، گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان نائومێدی گۆتێرێسی دەربڕی کە ئەنجومەنەکە نەگەیشتووەتە رێککەوتن و داوای لە ئەندامان کرد هەوڵەکانیان “دوو هێندە” بکەن بۆ پاڵپشتیکردنی بەردەوامی ناردنی هاوکارییەکان بۆ هاوڵاتیانی سوریا.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر