مۆسکۆ هۆشداریدەدات لە بەکارهێنانی بۆمبی کلاستەری ئەمریکی لە ئۆکراینا

دیمەشق – نۆرس پرێس

رووسیا، کیێڤی تۆمەتبار کرد بەوەی کە شاری تۆکماک لە ناوچەی زاپۆریژیا ئۆکرانیا، بە بۆمبی کلاستەر بۆردومان کردووە، هاوکات مۆسکۆ بەردەوامە لە هەڕەشەکانی لە دژی ئۆکراینا و پشتیوانییەکانی.

بەشێک لە میدیای فەرمی رووسیا لە سەر زاری دەسەڵاتدارانی لایەنگری مۆسکۆ لە ناوچەی زاپۆریژیا لە ئۆکرانیا رایانگەیاندووە، کە “هێزەکانی کیێڤ شاری تۆکماکیان لە پارێزگاکی زاپۆریژیا بە بۆمبی کلاستەر بۆردومان کردووە”.

میدیاکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئەمە یەکەم جارە ئۆکرانیا ئەم جۆرە چەک و تەقەمەنییە بەکاردەهێنێت، ئەوەش دوای ئەوە هات لە رۆژانی رابردوو دەسەڵاتدارانی ئەمریکا سووربوون لە سەر ناردنی بۆمبی کلاستەر بۆ ئۆکرانیا.

پێشتر ئەمریکا رەزامەندی لە سەر داواکاری ئۆکرانیا سەبارەت بەرادەستکردنی بۆمبی کلاستەر، بەڵام لە بەرامبەردا واشنتۆن داوای لە کیێڤ کردبوو، گەرەنتی نووسراو”ی پێشکەشبکات، کە ئەم بۆمبە تەنها لە پێناو بەرگریکردن لە خاکەکەی بەکاریدەهێنێت، بە شێوەیەکی کە ژیانی  خەڵکی مەدەنی نەخاتە مەترسییەوە.

دوای ئەوەی واشنتۆن رایگەیاند کە بۆمبی کلاستەر بۆ کیێڤ دابیندەکات، سێرگی شۆیگو وەزیری بەرگریی رووسیا رایگەیاند، “بۆمبە کلاستەرەکانی رووسیا کاریگەرترن لە کلاستەرەکانی ئەمریکییەکان”.

و هۆشداریدا لەوەی “ئەگەر تەقەمەنیی ئەمریکی لەسەر خاکی رووسیا بەکاربهێنرێت، ئەوەش بە هەمان شێوە وەڵام دەدەنەوە”.

لەلایەکی دیکەوە، دیمیتری مێدڤێدێڤ جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی رووسیا، هۆشداریدا لەوەی “جەنگی جیهانی سێیەم نزیک دەبێتەوە”، جەختیشی لەوە کردەوە کە رووسیا وەڵامی ئەو بۆردومانانە دەداتەوە کە ئۆکرانیا بە بۆمبی کلاستەر ئەنجامیانداوە.