ڕێڕەوی کۆچکردن لە دەریای ئەتڵەسی یەکێکە لە مەترسیدارترین ڕێگاکانی کۆچ لە جیهاندا

هەولێر-نۆرس پرێس

دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران رایگەیاند، دوو هەفتە لەمەوبەر 300 کۆچبەر بە سێ بەلەم کەناراوەکانی وڵاتەکەیان جێهێشتووە، بە ئامانجی گەیشتن بە دورگەکانی کەناری، بەڵام تا ئێستا بێسەروشوێنن و هیچ زانیاریەکیان لەبارەوە نازانرێت.

دەزگای لوتکە لەراگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەپێی بەدواداچونەکان دەرکەوت کە کۆچبەرەکان لە سەنیگالەوە ویستویانە بگەنە دورگەکانی کەناری کە نزیکەی هەزار و 700 کیلۆمەتر لەیەکەوە دورن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لەکاتی دەرچونی بەلەمەکان تا ئێستا کە زیاتر لە دوو هەفتەیە هیچ هەواڵێکیان نازانرێت، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە لەناو زەریادا ون بون، هەر بەپێی بەدواداچونەکان دەرکەوتووە کە دوو بەلەم  یەکێکیان نزیکەی 65 کەسی هەڵگرتبوو و ئەوی دیکەیان لەنێوان 50 بۆ 60 کەسدا بووە، 15 ڕۆژ لەمەوبەر بێسەروشوێن بوون، دوای ئەوەی سەنیگالیان بەجێهێشتووە، بەلەمی سێیەم لە 27ی حوزەیرانی ئەمساڵ سەنیگالی بەجێهێشتوە و نزیکەی 200 کەسی تێدابووە.

بەپێی وتەی کەسوکاری ئەوانەی لەنێو بەلەمەکان بوون، لە دوای ڕۆیشتنیانەوە هیچ هەواڵێکیان نازانن، بە پێی بەدواداچونەکان ئەو سێ بەلەمە لە کەناراوەکانی کاڤۆنتین، لە باشوری سەنیگالەوە بەڕێکەوتون.

دەزگای لوتکە دەشڵێت، ڕێڕەوی کۆچکردن لە دەریای ئەتڵەسی یەکێکە لە مەترسیدارترین ڕێگاکانی کۆچ لە جیهاندا، بەگوێرەی ئاماری ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ، لە ساڵی 2022دا لانیکەم 559 کەس لە کاتی هەوڵدان بۆ گەیشتن بە دورگەکانی کەناری گیانیان لەدەستداوە کە 22یان منداڵ بوون.