دواخستنی دەنگدان لەسەر درێژکردنەوەی میکانزمی هاتنی هاوکارییەمرۆییەکانی بۆ سوریا

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ سێشەممە، بەریتانیا کە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان دەکات، دواخستنی دەنگدانی لەسەر درێژکردنەوەی میکانیزمی هاتنەژوورەوەی هاوکارییەمرۆییەکانی بۆ سوریا بۆ مانگی تەمموزی داهاتوو راگەیاند، ئەوەش بەمەبەستی “بەردەوامبوونی راوێژکارییەکان”.

بەپێی ئەو میکانیزمەی کە لە 10ی کانوونی دووهەمدا، بۆ ماوەی شەش مانگ نوێکرایەوە، ماوەی مۆڵەتدانەکە دوێنێ دووشەممە کۆتایی هات.

باربارا وودوارد، باڵیۆزی بەریتانیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، دەنگدانەکە کە بڕیاربوو سەرلەبەیانی دوێنێ دووشەممە بە کاتی نیویۆرک بەڕێوەبچێت، دواخرا بۆ ئەوەی رێگە بدرێت بە بەردەوامی راوێژکارییەکان، وەک خۆی دەڵێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بەپێی تویتێکی روپەڕی بەریتانیا لە نەتەوەیەکگرتووەکان لە تویتەر، ئەنجومەنی ئاسایش دەنگ لەسەر رەشنووسی بڕیارنامەیەک دەدات بۆ نوێکردنەوەی هاتنی هاوکارییەمرۆییەکان لەودیوو سنوورەکانەوە، بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر بخاتەڕوو.

زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە درێژکردنەوەی هاتنی هاوکارییەکان لە دەروازەی باب ئەلهەواوە لە باکووری رۆژئاوای ئەو وڵاتە، گڵۆپی سەوزی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان وەردەگرێت، بەڵام مشتومڕەکان لەسەر ماوەی درێژکردنەوەکەیە، کە ئایا بۆ ماوەی ساڵێک بێت، بەپێی پێشنیازی بەرازیل و سویسرا، یان بۆ ماوەی شەش مانگ، بەپێی خواستی رووسیا.

دیمەشق لەژێر گوشاری نێودەوڵەتیدا، دوو دەروازەی سنووری دیکەی لەگەڵ تورکیا (باب ئەلسەلام و ئەلراعی) کردبووەوە بۆ زیادکردنی هاتنی هاوکارییەکان بۆ قوربانیانی بوومەلەرزەکە، هەروەها کارەکانیان بۆ ماوەی سێ مانگ لە مانگی ئایاردا درێژکردەوە تا ناوەڕاستی مانگی ئاب، بەڵام ئەو دەروازانە لە بڕیارەکەدا باس نەکراوە کە بڕیار بوو ئەمڕۆ دەنگی لەسەر بدرێت.

تا ئێستا نازانرێت کە ئایا درێژکردنەوەی ئەو دوو دەروازیە، بە جیا و لە کاتێکی دیکەدا دەنگیان لەسەر دەدرێت یا نا، کاتێک وادەکەیان تەواو دەبێت.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر