لە سەروبەندی لوتکەی ناتۆدا.. رووسیا هێرشێکی مووشەکیی دەکاتە سەر کیێڤ

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ سێشەممە، رووسیا هێرشێکی مووشەکیی کردە سەر کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا، ئەوەش بە تەنها چەند کاتژمێرێک پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەی لوتکەی ناتۆ دێت لە وڵاتی لیتوانیا، کە تیشک دەخاتە سەر بەرگریی هاوپەیمانییەکە لە رۆژهەڵات و باکووری ئەوروپا.

سەرۆکی ئیدارەی سەربازی کیێڤ، سێرهی پۆپکۆ، لە بڵاوکراوەیەکدا لە تێلێگرام رایگەیاندووە، رووسیا لە ئاسمانەوە هێرشی کردووەتە سەر کیێڤ “ئەمەش دووەمجارە لەم مانگەدا”.

ئه م هێرشانە لە کاتێکدا دێت، کە قسەوباسی هەوڵەکانی بەئەندامبوونی ئۆکرانیا لە ناتۆدا لەئارادایە، سەرەڕای ئەوەی بە گوتەی بەشێک لە سەرکردەکانی رۆژئاوا ئەستەمە ئەمە لە ئێستادا بە ئەنجام بگات.

پۆپکۆ ئاماژەی بەوەشکرد، سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئۆکرانیا سەرجەم ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی ئێران “شەهید” کە لەلایەن رووسیا بەکارهێنرابوون، پێش ئەوەی بگەن بە ئامانجەکانیان، خستووەتە خوارەوە.

لەم هێرشەی ئەمڕۆدا، هیچ زانیارییەکی دەستبەجێ سەبارەت بە زیان و برینداربوون نەبووە.

بەپێی ئامارەکانی هێزی ئاسمانی ئۆکرانیا، کیێڤ هۆشداریی بۆ هێرشی ئاسمانی لە ناوچەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا بڵاوکردووەتەوە.

لوتکەی ناتۆ لە ڤیلنیوسی پایتەختی لیتوانیا، کە ئەمڕۆ سێشەممە دەستپێدەکات، ئاکامەکانی هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا دەکات بە تەوەری سەرەکی، لەکاتێکدا بڕیارە سەرکردەکان لەسەر یەکەم پلانی هەمەلایەنەی ناتۆ لەدوای کۆتایی هاتنی جەنگی ساردەوە رێکبکەون بۆ بەرگریکردن لە هەرجۆرە هێرشێکی مۆسکۆ .

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر