لیڤاندۆڤسکی ئۆفەرێکی “خەیاڵی” بۆ یاریکردن لە خولی سعودیی رەتدەکاتەوە
هەولێر – نۆرس پرێس
بەگوێرەی راپۆرتێکی “فوت مێرکاتۆ”، ئەستێرەی پۆڵەندی، رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی، هێرشبەری یانەی ئیسپانی بەرشەلۆنە، لەم دواییانەدا ئۆفەرەکانی چەند یانەیەکی سعودی رەتکردەوە.
پێگەکە ئاماژەی بەوە کردووە، لیڤاندۆڤسکی ئۆفەرێکی سەرنجراکێشی ئەم دواییەی یانەیەکی سعودی رەتکردووەتەوە، بەڵام پێی باشترە تاوەکو کۆتایی گرێبەستەکەی لە مانگی حوزەیرانی 2026 لەگەڵ بەرشەلۆنە بمێنێتەوە.
پێگەکە باسی ئەو یانەیەی نەکردووە کە برە پارەیەکی زۆری پێشکەش بە لیڤاندۆڤسکی کردووە بۆ ئەوەی بچێتە خولی سعودیە.
لیڤاندۆڤسکی مانگی رابردوو ئاماژەی بەوەدابوو کە وازهێنانی “بەمزووانە”، ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە رەنگە کۆتایی بە ژیانی وەرزشی خۆی بهێنێت لەگەڵ یانە کەتەلۆنییەکە.
لیڤاندۆڤسکی لە هاوینی 2022 دوای 8 ساڵ لەگەڵ بایرن میونشن چووە ریزەکانی بەرشەلۆنە، لەگەڵیدا 344 گۆڵی تۆمارکرد و نازناوی چامپیۆنزلیگیشی بەدەستهێناوە.
لە یانە کەتەلۆنییەکە بەخێرایی خۆی گونجاند و توانی 33 گۆڵ لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان تۆمار بکات، لەنێویاندا 23 گۆڵ لە خولی ئیسپانیا، بۆ ئەوەی نازناوی گۆڵکاری خولەکە بەدەستبهێنێت و بەشداری بکات لە بەدەستهێنانی نازناوی لالیگا.