کارەساتێک لە زەریای ئەتڵەسی.. گەڕان بەدوای 200 کۆچبەری بێسەروشوێن لە ناوەڕاستی زەریادا
هەولێر – نۆرس پرێس
پاسەوانی کەناراوەکانی ئیسپانیا ئەمرۆ دووشەممە، رایگەیاند،کە فرۆکەیەکی ناردووە بۆ گەڕان بەدوای 200 کۆچبەردا کە لەناو بەلەمێکدا بوون لە زەریای ئەتڵەسیدا بێسەروشوێن بوون دوای ئەوەی لە کەناراوەکانی سەنیگالەوە بەرێکەوتن.
دەزگای فریاگوزاری دەریایی ئیسپانیا، “سالڤامنتۆ ماریتیمۆ” رایگەیاند، فرۆکەیەکی فریاگوزاری لە دوورگەکانی کەناریاوە نێردراوە بۆ گەڕان بەدوای بەلەمەکەدا، کە لە سەنیگالەوە بە 200 کەسەوە رۆیشتووە.
هەروەها پزیشکە ئیسپانییەکان رایانگەیاندووە کە رووداوەکەیان بە کەشتییە بازرگانییەکانی ناوچەکە راگەیاندووە.
بەگوێرەی راپۆرتی رێکخراوی ناحکومی کامیندۆ فرۆنتێراس کە زانیارییەکانی لە پەیوەندییەکانی کۆچبەران یان کەسوکاریانەوە وەردەگرێت، بەلەمەکە لە 27ی حوزەیران لە شاری کاڤۆنتینی سەنیگالەوە بەرێکەوتووە.
هێلێنا مالینۆ، دامەزرێنەری رێکخراوی ناحکومی لە پەیامێکی دەنگیدا رایگەیاندووە، “خێزانەکان لە دیارنەمانی بەلەمەکە ئاگاداریان کردینەوە، کە چەند رۆژێکە هیچ هەواڵێک لەبارەیەوە بڵاونەبووەوە”.
بەگوێرەی ئەو رێکخراوە، دوو بەلەمی دیکە کە لە سەنیگالەوە بەرێکەوتبوون و نزیکەی 120 کەسیان تێدابوو، ونبوون.
ئاماژەی بەوەشکردووە، “درەنگ نییە ژیانیان رزگار بکەن. چەند رۆژێکە لە دەریادان، ئەگەرچی بەلەمەکانیان داریین” کە توانای بەرگریکردنیان هەیە.