لەگەڵ سپێدەی ئەمڕۆدا..گیانلەدەسدانی هاوڵاتیەکی سڤیل بە بۆردومانەکانی تورکیا لە باکووری حەسەکە

تل تەمر- نۆرس پرێس

سپێدەی ئەمڕۆ، سێشەممە، بە بۆردومانی هێزەکانی تورکیا و گروپە چەکدارەکانی دڵسۆزیان لە گوندەواری شارۆچکەی تل تەمر لە باکووری حەسەکە، هاوڵاتییەکی سڤیل گیانی لەدەستدا.

سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی سەربازیی تل تەمر بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، هێزەکانی تورکیا گوندەکانی “ئەلکحوزلیە، تل لەبەن، ئەلسلماسە”یان لە ڕۆژئاوای شارۆچکەکە بۆردومان کردووە، ئەمەش بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی “ئیبراهیم محمد هشی” کە خەڵکی گوندی ئەلسلماسەیە.

بە وتەی شایەتحاڵێک، کاتژمێرحەوت و چل و پێنج خولەکی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، دوو فڕۆکە بە نزمی فڕین، بەسەر ئاسمانی درباسیەدا بەرەو هێڵی بەرکەوتنی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و سوپای تورکیا، لەسەر هێڵی جیاکەرەوە لە شارۆچکەی زەرگان.

دوێنێ دووشەممە، گوندەکانی ” قبور ئەلقەراجنە، تل لبەن، کوزلییە، ئەلتەویلە” لە گوندەواری تل تەمر لە ماوەی 24 کاتژمێردا سێ جار تۆپبارانی تۆپخانەکانی تورکیایان بەخۆوە بینی.

ئەمەش هاوکات بوو لەگەڵ پەرەسەندنی تورکیا کە کاریگەری لەسەر چەند گوندێکی جیاوازی رۆژئاوای کوردستان هەبوو.

پێشتریش بۆردومانی تورکیا بۆ سەر گوندەکانی باکووری حەسەکە بووە هۆی برینداربوونی زیاتر لە 13 هاوڵاتی سڤیل و کوژرانی یەکێک لە ئەندامانی سوپای سوریا و هاوڵاتییەکی تری سڤیل.