دواین هەوڵەکانی ستۆکهۆڵم بەر لە لوتکەی ناتۆ.. ئەردۆغان و سەرۆکوەزیرانی سوێد کۆدەبنەوە

دیمەشق – نۆرس پرێس

بڕیارە سەرکردەکانی سوێد و تورکیا لە کۆتا هەوڵێکدا کۆببنەوە، بۆ پڕکردنەوەی کێشەی دیپلۆماسی لەسەر هەوڵە لاوازەکانی ستۆکهۆڵم بۆ پەیوەستبوون بە هاوپەیمانی ناتۆوە کە لەلایەن ئەنقەرەوە تا ئێستا رێگری لێکراوە.

دانوستانەکان لە نێوان ئۆلف کریسترسۆن، سەرۆک وەزیرانی سوێد و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، ئەمڕۆ دووشەممە لە سەروبەندی لوتکەی هاوپەیمانیی ناتۆدا لە ڤیلنیوسی پایتەختی لیتوانیا بەڕێوە دەچێت، کە لەمیانی ئەو دیدارەدا ناتۆ دەیەوێت یەکڕیزی لە بەرامبەر رووسیادا و پشتگیری بۆ ئۆکرانیا پیشانبدات.

پێشبینی دەکرێت پەیوەستبوونی ئۆکرانیا بە ناتۆوە لە سەرووی کارنامەی لوتکەکەدا بێت، هاوکات پێدەچێت جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکاش رووبەڕووی پرسیار ببێتەوە، سەبارەت بەوەی هەفتەی رابردوو رەزامەندی دەربڕی لەسەر دابینکردنی بۆمبی هێشوویی بۆ کیێڤ.

گفتوگۆکانی ئەنقەرە و ستۆکهۆڵم دوای رۆژێک لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی نێوان سەرۆکی ئەمریکا و هاوتا تورکەکەی دێت، کە تێیدا باسیان لەم بابەتە کردووە.

بڕیارە سەرۆکی ئەمریکا فشار بخاتە سەر ئەردۆغان بۆ ئەوەی بە داواکەی سوێد رازی بێت، کە وابریارە هەردوو سەرکردەکە لە پەراوێزی لوتکەکەدا کۆببنەوە، واچاوەڕوان دەکرێت کۆبوونەوەکە دوو رۆژ بخایەنێت.

دوێنێ یەکشەممە، بایدن ئەردۆغانی لە خواستی خۆی بۆ تورکیا ئاگادارکردەوە کە بە زووترین کات پێشوازی لە سوێد بکات بۆ هاتنەناو هاوپەیمانی ناتۆوە.

راپۆرتە ڕۆژئاواییەکان باس لەوە دەکەن کە ناتۆ و کۆشکی سپی ترسیان هەیە لەوەی کە کرێملین هەوڵی بەکارهێنانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا بدات بۆ چاندنی دووبەرەکی لە نێوان هاوپەیمانەکانی رۆژئاوادا.

فینلاند و سوێد دوای هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لە 24ی شوباتی 2021دا، داواکاری بەئەندامبوونیان لە ناتۆ پێشکەشکرد و دەستبەرداری بێلایەنی فەرمی خۆیان بوون.

بەڵام فراوانکردنی ناتۆ پێویستی بە پەسەندکردنی کۆی دەنگی ئەندامانی ئێستا هەیە، کە لە ئێستادا بووەتە 31 وڵات، دوابەدوای سەرکەوتنی فینلاند بۆ چوونە ناو هاوپەیمانییەکەوە.

بەرپرسانی رۆژئاوا هیوایان خواستبوو بەر لە لوتکەی رۆژی سێشەممە، بە فەرمی پێشوازی لە سوێد بکەن بۆ ناو ناتۆ.

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، سەرکردەکانی رۆژئاوای بێزار کرد، بە گرێدانی پەسەندکردنی پەیوەستبوونی سوێد بە پاڵنەرەکانی ستۆکهۆڵم بۆ سەرکوتکردنی ئەندامانی بزووتنەوە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆن.

ئەم هەڵوێستەی ئەردۆغان لەلایەن سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا، ڤیکتۆر ئۆربان پاڵپشتی لێدەکرێت، ئەوانیش تەنها دوو ئەندامی ناتۆن کە هێشتا لە رێگەی ئەو پەسەندکردنە کۆدەنگییەدا وەستاون، کە پێویستە بۆ ئەوەی سوید ببێتە 32هەمین ئەندامی بلۆکەکە.

جێنس ستۆڵتنبێرگ، سەرۆکی ناتۆ هیوادارە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی نێوان ئەردۆغان و کریستێرسۆن، بە پابەندبوونێکی تورکیا بۆ پشتیوانیکردن سوێد بەهاتنی بۆ ناو هاوپەیمانێتییەکە کۆتایی بێت.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر