به‌پاڵپشتی قەتەر و هەماهەنگی تورکیا.. رێکخراوێکی خوجێی سێ ئۆردوگای نیشتەجێبوون لە عەفرین دروستدەکات

عەفرین – نۆرس پرێس

رێکخراوە خۆجێیەکان لە ناوچەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا بە هەماهەنگی تورکیا و پاڵپشتی قەتەر، توانیان سێ ئۆردوگای نیشتەجێبوونی نوێ لە باشووری شاری عەفرین لە باکووری حەلەب تەواو بکەن، هاوکات بەشێکی دیکە لە رێکخراوەکان کار لە  شاخەکانی هەمان ناوچە دەکەن، وەک ئامادەکارییەک بۆ دروستکردنی ئۆردوگای نیشتەجێبوونی نوێ.

سەرچاوە تایبەتەکان بە نۆرس پرێسیان راگەیاندووە، رێکخراوێکی ناوخۆیی کە پێدەچێت “دەستی سپی” بن، نزیکە لە تەواوکردنی کارەکانی دروستکردنی سێ ئۆردوگای نیشتەجێبوونی نوێ لە لوتکەی شاخی گوندی شادیرە لە باشووری عەفرین.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەریەک لە ئۆردوگای نیشتەجێبوونە نوێیەکان نزیکەی 300 شوقە لەخۆدەگرێت، پێشبینیشدەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا رادەستی ئاوارەکانی گوندەواری حەلەب و دیمەشق بکرێت.

سەرچاوەکان ئاماژەیان بۆ ئەوە کردووە، لەگەڵ تەواوبوونی ئەو سێ ئۆردوگایە، ئامێرەکانی هەڵکەندن بەردەوامن لە پرۆسەی تەختکردن و کارکردن لە  گوندی ئیسکان، باشووری عەفرین، وەک ئامادەکاری بۆ دروستکردنی ئۆردوگای نیشتەجێبوونی نوێ لەوێ، لەسەر رووبەری زیاتر لە 30 هێکتار.

لە سەرەتای مانگی رابردوودا، رێکخراوی نێودەوڵەتی فەڵەستینی بۆ فریاگوزاری  “ئەنسر” کارەکانی دروستکردنی نیشتەجێبوونی “ئەمەل2” لە چیایی لیلۆن لە باشووری رۆژهەڵاتی شاری عەفرین تەواوکرد، کە پێنج ئۆردوگا لە خۆی دەگرێتەوە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە کارکردن لە پرۆژەکەدا دەسپێکردبوو.

عەفرین لە بەهاری 2018ـەوە کەوتوە ژێر دەستی تورکیا و گرۆپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا، لەو کاتەوە چەندین گۆرانکارییە لە دیمۆگرافی بەرامبەر کوردەکان ئەنجامدراون.