دپلۆماتکارێکی سوریی: هیچ کۆبوونەوەیەک لە نێوان ئەسەد و ئەردۆغاندا ناکرێت پێش کشانەوەی تورکیا لە سوریا
دیمەشق – نۆرس پرێس
نیزاڵ قەبلان، باڵیۆزی پێشووی سوریا لە توركیا رایگەیاند، بەشار ئەسەد، سەرۆکی سوریا چاوپێکەوتنی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، هاوتا تورکییەکەیدا ناکات، مەگەر مەرجە سەرەتاییەکانی سوریا لەسەری رێکنەکەون، کە لە پێشینەی ئەو مەرجانە دەرچوونی تورکیایە لە خاکی سوریا.
لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ریا نۆڤۆستی، قەبلان رایگەیاندووە: “سەرۆک ئەسەد لەگەڵ ئەردۆغان کۆنابێتەوە، پێش ئەوەی تورکیا بریار بدات بۆ کشانەوەی هێزە سەربازییەكانی توركیا لە باکوور و باکووری رۆژئاوایی سوریا، ئاماژەی بەوەشکرد، “سازش لە سەر ئەم مەرجە ناکرێت”.
ئەو دیپلۆماتکارە سورییە پێی وایە ئەوەی لە کۆبوونەوەی ئاستانە 20 باس لێکرا بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان دیمەشق و ئەنقەرە و پلانی رووسیا سەبارەت بە نەخشەرێگایەک بۆ ئاشتەوایی نێوان سوریا و تورکیا دەکرێت تاوەکو رادەیەکی زۆر وەک بنەمایەکی تیۆری وەربگیرێت.
قەبلان سەبارەت بە دەستنیشانکردنی هاکان فیدان وەک وەزیری دەرەوەی تورکیا کە لە ماوەی رابردوودا بەرپرس بوو لە دۆسەی سوریا گوتی، دەتوانێت کارئاسانی بۆ جێبەجێکردنی هەر بریارێک بکات بۆ دووبارە گەرانەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات.
قەبلان ئاماژەی بەوەدا کە مەرجەکانی دیکە بریتین لە “راگرتنی پشتیوانی لە رێکخراوە تیرۆریستییەکان کە دەستیان بەسەر پارێزگای ئیدلبدا گرتووە و فەرمانەکانیان راستەوخۆ لە ئەنقەرە وەردەگرن، جگە لە کردنەوەی دەروازە سنوورییەکان و چالاککردنی بازرگانی و گەراندنەوەی کۆنترۆڵی سوریا بەسەر رێگای ستراتیژی (M4)دا”. لە 21 و 22ی حوزەیران، پایتەختی کازاخستان میوانداری خولی 20ەمینی دانوستانەکانی ئاستانەیان کرد سەبارەت بە یەکلاکردنەوەی سوریا، بە بەشداری نوێنەرانی رووسیا، تورکیا، ئێران، حکومەتی سوریا و ئۆپۆزسیۆن، هەروەها گەیر پیدەرسن، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان، لوبنان ، عێراق و ئوردن بەشداربوون.