نوێنەری رووسیا باس لە کۆبوونەوەیەکی “نزیک”ی نێوان ئەردۆغان و ئەسەد دەکات
دیمهشق – نۆرس پرێس
ئەلێکساندەر لاڤرێنتیڤ، نێردەی رووسیا لە سوریا رایگەیاند کە کارەکان “بە چروپڕ” بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق بەرێوەدەچن، ئاماژەی بەوەشکرد، وردەکاری و وادەی کۆبوونەوەی نێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سوریا دواتر رادەگەیەنرێت.
لەگەڵ ئەوەشدا ئەو بەرپرسە رووسییە ئاماژەی بەو شتانە کرد کە بە “سەختی” وەسفی کرد لە شێوازی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق، لەوانەش بوونی سەربازی تورکیا لە ناوچەکانی سوریا.
نێردەی تایبەتی پوتین لە سوریا بە تەلەفزیۆنی ئەلعەرەبییەی راگەیاندووە، هەڵسەنگاندنی مۆسکۆ بۆ ئەو ئاستەی کە بە نێوەندگیرییەکەی لە نێوان “سوریای هاوپەیمانمان و تورکیای هاوبەشمان” گەیشتووە، ئەوەیە کە “هیچ خاوبوونەوەیەک لە پرۆسەی ئاساییکردنەوەدا نییە”.
لاڤرێنتیڤ گوتی:”کاتێک لایەنەکان کارەکانیان تەواو کرد، سەرۆکەکان لە ئەنجامەکان ئاگادار دەکرێنەوە بە مەبەستی کارکردن بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەک لەسەر ئاستی سەرۆکەکان لە نێوان سەرۆک رەجەب تەیب ئەردۆغان و بەشار ئەسەد، بە ئامادەبوونی ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی رووسیا”.
ئەو دیپلۆماتکارە رووسیایە باسی لەوە کرد کە بە پێشهاتێک لە پرۆسەکەدا وەسفیکرد، کە سەرەتا کۆبوونەوەیەک لەسەر ئاستی شارەزایان هەبوو، دواتر کۆبوونەوەیەکی سێ قۆڵی لەسەر ئاستی وەزیرانی بەرگری، دواتر لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوە کە بریکاری وەزیری دەرەوەیان راسپارد بۆ کارکردن لەسەر نەخشەی رێگا و لە ئێستادا کار بۆ چالاککردنی “نەخشەی رێگا” بەردەوامە.