واشنتۆن هۆشداریدەدات لە ئەگەری روودانی (کارەسات) بەهۆی جیابوونەوەی ئابووری ئەمریکا و چین
دیمەشق – نۆرس پرێس
وەزیری خەزێنەی ئەمریکا هۆشداریدا لە ئەگەری روودانی (کارەسات) بەهۆی جیاکردنەوەی ئابووری چین و ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا وەک دوو گەورەترین هێزی جیهان، هەروەها ئاماژەی بەوەشدا کە گەشتەکەی بۆ پەکین پەیوەندییەکانی نێوانی هەردوو وڵاتی پەرەپێداوە و سەرەڕای ناکۆکییەکان پەیوەندییەکانی باشتر کردووە.
جانێت ئیلین، وەزیری خەزێنەی ئەمریکا، رایگەیاند، گەشتەکەی کە چوار رۆژی خایاند بۆ پەکین، پەیوەندییەکانی وڵاتەکەیانی لەگەڵ چین پەرەپێدا و رێگەی کردوەتەوە بۆ گفتوگۆی نێوان بەرپرسانی هەردوو وڵات.
ئیلین لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا بەر لەوەی بگەڕێتەوە گوتی: پێشبینیدەکەم ئەم گەشتە پەیوەندیەکی بەرهەمدار لە نێوان هەردوو وڵات دروستبکات، هەروەها رایگەیاند کە هیوادارە لە داهاتودا پەیوەندیە دیپلۆماسیەکانی نێوانیان بەشێوەیەکی سروشتی ئەنجامبدرێت.
لە ماوەی رابردودا سزاکانی ئەمریکا لەسەر تەکنەلۆژیای بەرزی چینی بوە هۆی نیگەرانی پەکین، بەڵام وەزیری خەزێنەی ئەمریکا رایگەیاند کە سەرەڕای ناکۆکی گەورەی نێوان هەردوو وڵات، ئەمریکا ئابورییەکەی وەک چەک بەرانبەر چین بەکارناهێنێت.
هەروەها رایگەیاند کە جۆ بایدن، سەرۆکی وڵاتەکەی و خۆی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە چوارچێوەی ناکۆکیەکان نابینن بەڵکو پێیانوایە کە جیهان جێگەی پەرەسەندنی هەردوو وڵاتی تێدا دەبێتەوە.
لە هەمان کاتدا وەزیرەی خەزێنەی ئەمریکا، ئاماژەیدا بەوەی کە وڵاتەکەی پاشگەزنابێتەوە لەو رێکارە ئابورییانەی دەستیپێکردوە بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵاتەکەی، بەڵام سەرنج دەخەنە سەر ناکۆکییە سەرەکیەکان.
جێگەی باسە کۆبونەوەی نێوان بەرپرسانی ئەمریکا و چین ماوەی 10 کاتژمێری خایاند و تێیدا وەزیری خەزێنەی ئەمریکا باسی لە مەترسییە جدییەکانی نێوان هەردوو وڵات کردووە.
گەشتەکەی وەزیری خەزێنەی ئەمریکا، بە یەکەم گەشتی بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە دادەنرێت بۆ چین لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا لە دوای کۆتا گەشتی ئەنتۆنی بلینکن ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ ئەو وڵاتە.