لە ماوەی چەند رۆژێکدا پێدانی پارەی گەنمی جوتیاران دەستپێدەکات – قامیشلۆ

قامیشلۆ – نۆرس پرێس

بەڕێوبەری نوسینگەی دراو و پێدانی پارە لە هەرێمی جەزیرەی باکوری سوریا رایگەیاند کە لە ماوەی چەند رۆژێکی دیکەدا دەستدەکەن بە پێدانی پارەی گەنم بە جوتیاران.

ئەمڕۆ یەکشەممە، رێناس حەمۆ، بەڕێوبەری نوسینگەی دراو و پێدانی پارە لە هەرێمی جەزیرەی باکوری سوریا بە نۆرس پرێس ی راگەیاند، کە نوسینگەکەیان لە 12ی تەمموزی ئەمساڵدا بە گوێرەی خشتەیەک کە لەلایەن کۆمپانیای گەشەپێدانی کۆمەڵگەی کشتوکاڵی پێیاندەگات پارەی جوتیاران دەبەشدەکات.

رێناس حەمۆ ئەوەشی خستەڕوو کە میکانیزمی پێدانی گەنم لە ناوچەی جەزیرە لە بەرواری 28ی رابردووەوە دەستیپێکردوە، هەروەها بۆ ئەم مەبەستە سێ بنکە لە هەریەکە لە حەسەکە، قامیشلۆ و دێرێک دیاریکراوە، ئەمە جگە لەوەی هەژمارکردنی پارەی جوتیاران بە گوێرەی رێژەی پێدانی گەنمەکە دەبێت.

هەر بەگوێرەی ئەو بەرپرسەی نوسینگەی دراو و پێدانی پارە هۆکاری دواکەوتنی دابەشکردنی ئەم بڕە پارەیە بە هۆی دواکەوتنی خشتەکەوەیە لەلایەن کۆمپانیای گەشەپێدانی کۆمەڵگەی کشتوکاڵی.

لەرابردوودا پێگەی فەرمی بەڕێوبەرایەتی خۆیەتی رایگەیاند کە پێدانی پارە بە شێوەی پلە پەندی دەبێت بە جۆرێک بۆ هەر یەک تۆن لە گەنم زۆرترین بڕە پارە 430 دۆلاری ئەمریکی دەبێت و کەمترین بڕە پارە 360 دۆلاری ئەمریکی دەبێت.