ئەڵمانیا هۆشداری دەدات لە هاتنی شەپۆلی گەرمای بەهێز لە کۆتایی هەفتەدا
هەولێر – نۆرس پرێس
حکومەتی ئەڵمانیا داوای لە کەسانی بەساڵاچوو و ئەوانەی باری تەندروستیان جێگیر نییە لەگەڵ ئەو خانمانەی دووگیان و منداڵی بچووکیشیان هەیە، لە ماڵەکانیان بۆ کاری پێویست نەبێت نەچنە دەرەوە و لە ژوورەوە بمێننەوە، چونکە پێشبینی دەکرێت لە کۆتایی هەفتەدا پلەکانی گەرما بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزببنەوە.
خزمەتگوزاری فەرمی کەشناسی “DWD” پێشبینی دەکات رۆژی یەکشەممە، 9ی تەمموزی 2023، پلەکانی گەرما بۆ 35 پلەی سیلیزی بەرزببنەوە، لەگەڵ شێداری بەرز بەتایبەتی لە رۆژئاوای وڵاتەکە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، تاوەکو دووشەممە، پلەکانی گەرما دەگاتە 37 پلەی سەدی.
لە بەرامبەردا وەزارەتی تەندروستی ئەڵمانیا داوای لە خەڵک کرد لە ماڵەوە بمێننەوە و بڕێکی پێویست شلەمەنی بخۆن و دوور بکەونەوە لە چالاکییە ماندووەکان بە تایبەت لە ڕۆژدا.
لە نەمسا کە پێشبینی دەکرێت پلەکانی گەرما بگاتە 35 پلەی سەدی، دەسەڵاتداران هێڵێکی گەرمی بێبەرامبەریان راگەیاند بۆ ئەوەی خەڵک ئامۆژگاری وەربگرن سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ گەرما.
ویلایەتی کارینتیا لە باشووری وڵاتەکە پلانی پاراستنی گەرمای بۆ زیاتر لە 900 نۆرینگە و نەخۆشخانە و شوێنی دیکە چالاک کردووە بۆ دەستنیشانکردنی ئەو کەسانەی کە مەترسی تایبەتیان لەسەرە بەهۆی پلەی گەرمی بەرزەوە.
ساڵانە هەزاران کەس لە سەرانسەری ئەوروپا بەهۆی شەپۆلی گەرما گیانلەدەستدەدەن، ئەمەش کێشەیەکە کە شارەزایان دەڵێن بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا زیاتر دەبێت.
پی تی بریتنەر، بەرپرسی تەندروستی کارینتیا رایگەیاندووە، تەنها مرۆڤەکان نین کە پێویستیان بە پاراستن هەیە لە گەرما.
“ئاوی پێویست بە ئاژەڵەکانت بدە، دڵنیابە لە سێبەردان، مەترسی جێهێشتنی ئاژەڵەکان لەناو ئۆتۆمبێلدا بە کەم مەزانە، چەند خولەکێک دەتوانێت لێکەوتەی جددی هەبێت”.