بایدن لە سەردانێکی کورتدا بۆ بەریتانیا چاوی بە شا چارڵز دەکەوێت
هەولێر – نۆرس پرێس
ئەمرۆ یەکشەممە، 9ی تەمموزی 2023، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بە سەردانێکی کورت دەگاتە بەریتانیا و لەو ماوەیەدا چاوی بە ریشی سوناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دەکەوێت و پێش کۆبوونەوەی لوتکەی داهاتووی ناتۆ لەگەڵ شا چارڵز پرسەکانی گۆرانی کەشوهەوا تاوتوێ دەکەن.
کۆشکی سپی رایگەیاندووە کە سەردانەکە بە مەبەستی “زیاتر پتەوکردنی پەیوەندییە نزیکەکانی نێوان هەردوو وڵاتە”.
بایدن سبەی دووشەممە، 10ی تەمموزی 2023، سەردانی بارەگای حکومەتی بەریتانیا دەکات لە داونینگ ستریت بۆ دیدار لەگەڵ سوناک، کە پێنجەمین کۆبوونەوەیان دەبێت لە ماوەی چەند مانگێکدا و تەنها یەک مانگ دوای رێککەوتنی هەردووکیان لە واشنتۆن لەسەر “جارنامەی ئەتڵەسی” و پێکەوە کار لەسەر تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو و وزەی پاک و کانزا گرنگەکان دەکەن.
گوتەبێژی سوناک رایگەیاند، پێدەچێت گفتوگۆکانیان لوتکەی داهاتووی ناتۆ و ئۆکرانیا لەخۆ بگرێت.
بۆ بایدن، گرینگترین شت لە گەشتەکەدا کۆبوونەوەی لەگەڵ شا چارڵز دەبێت لە قەڵای ویندسۆر لە رۆژئاوای لەندەن، کە شاژن ئەلیزابێس دایکی شای کۆچکردوو لە ساڵی 2016دا میوانداری باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکای کرد و لە ساڵی 2018شدا میوانداری لە ترەمپ کرد.
بریارە سەرۆک و پاشا گفتوگۆ لەسەر پرسەکانی کەشوهەوا بکەن، بابەتێک کە چارڵزی تەمەن 74 ساڵ زیاتر لە پێنج دەیە پاڵپشتییدەکات.
دوای کۆبوونەوەکە، بایدن و سوناک بەریتانیا بەجێدەهێڵن و بەرەو لیتوانیا دەرۆن، لەوێش لەگەڵ بەشێک لە سەرکردەکانی ناتۆ لە کۆبوونەوەی لوتکەی ناتۆدا دەبن. دوای ئەوە بریارە بایدن، گەشتێک بۆ هێلسنکی بکات و چاوی بە سەرکردەکانی وڵاتانی باکوور بکەوێت.