ناسر خلێفی، بەهۆی دوایین هەڤپەیڤینی کیلیان ئێمباپێ تووشی شۆکێکی گەورە بووە

هەولێر- نۆرس پرێس

کیلیان ئێمباپێ، لە دوایین هەڤپەیڤینیدا لەگەڵ گۆڤاری فرانس فوتبۆڵ، خاوەنە قەتەرییەکانی یانەی پاریس سانجێرمانی تووڕە کردووە و پێیانوایە ئەوە بێ رێزییە بەرامبەر یانەکەی و هەمووان دەیکات.

کیلیان ئێمباپێ، بە گۆڤارە فەرەنسیەکەی گوت، نازانم پاریس پێویستی بە چییە بۆ بردنەوەی چامپیۆنزلیگ، نابێ ئەو پرسیارە لە من بکرێت. سانجێرمان تیپێکی دابەش بووە، یانەکەش دابەش بووە، یاریکردن بۆی زۆر هاوکارییم ناکات.

ئەو زیاتر گوتی بۆچی پاریس چامپیۆنزلیگ ناباتەوە؟ دەبێ لەوانە بپرسن کە تیپەکە هەڵدەبژێرن و لیستی یانەکە رێکدەخەن. ئەوانەی گرووپەکە دروستدەکەن، من تەنیا هەوڵدەدەم باشترین توانای خۆم پێشکێش بکەم.

میدیاکانی فەرەنسا ئاشکرایانکرد، کە ئەم قسانەی کیلیان خاوەنە قەتەرییەکانی یانە پاریسییەکەی زۆر تووڕە کردووە و دەڵێن، ناسر خلێفی، سەرۆکی یانەکە لە وەڵامیدا گوتوویەتی، ئەگەر ئێمباپێ بەو شێوەیە بیردەکاتەوە، ئەی بۆ ئێستا ناڕوات.

ئەو سەرچاوانە دەشڵێن، ناسر خلێفی، بەهۆی دوایین هەڤپەیڤینی کیلیان ئێمباپێ تووشی شۆکێکی گەورە بووە، ئەو پێیوایە کیلیان بێ رێزی بەرامبەر هەموو یاریزانانی نوێیەکان، راهێنەری نوێ و هەموو هاندەرانی پاریس سانجێرمانی کردووە.

هەروەها زیاتر دەڵێن، قەتەر زۆر تووڕەیە لەو قسانەی کیلیان ئێمباپێ لە دوایین هەڤپەیڤینیدا کردوویەتی، خاوەنانی پاریس سانجێرمان پێیانوایە ئەو هیچ رێزێکی بۆ یانەکەی نیشان نەداوە.

ئەستێرەی فەرەنسی، لە هەپڤەیڤینەکەی فرانس فوتبۆڵدا، زیاتر گوتوویەتی، کەسێکی رکابەریم، لە هەر کوێ بم بردنەوەم دەوێت، بەلامەوە گرنگ نییە لە کوێ یاریی دەکەم و کام درێس لەبەردەکەم، گرنگ سەرکەوتنە، چامپیۆنزلیگم دەوێت و ئێستاش لە پشوودام، چێژ وەردەگرم، وزە بەدەستدەهێنمەوە و بە برسێتییەوە دەگەڕێمەوە.