ئوردن: بەقاچاخبردنی ماددەهۆشبەرەکان لە رێگەی سنووری سوریاوە بەردەوامە

دیمەشق – نۆرس پرێس

شەوی هەینی، ئەیمەن ئەلسەفادی، وەزیری دەرەوەی ئوردن رایگەیاند، بەقاچاخبردنی ماددەهۆشبەرەکان لە سنووری سوریاوە بۆ ناو ئوردن هێشتا بەردەوامە.

جەختیشی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی هەموو هەنگاوێکی پێویست بۆ بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی ماددە هۆشبەرەکان لە سنوورەکان دەنێت، هەروەها ستایشی رۆڵی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی نوێی کرد بۆ رووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرە دەستکردەکان.

دوێنێش، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، هاوپەیمانی جیهانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکانی ماددەهۆشبەرە دەستکردەکان راگەیاند.

ئەلسەفادی ئاماژەی بەوەدا، کە لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا زیاتر لە 65 ملیۆن حەبی کاپتاگۆن دەستی بەسەردا گیراوە.

ئەو گوتانەی وەزیرەکە لە بەشداریکردنێکیدا بوو لە رێگەی تەکنەلۆجیای پەیوەندی بینراوەوە، لە کۆبوونەوەی وەزاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی ماددەهۆشبەرە دەستکردەکان.

ئەلسەفادی، پێکهێنانی هاوپەیمانییەکەی بە هەنگاوێکی گرنگ زانی، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسیی زیادبوونی ئەو ماددەهۆشبەرانە، رووبەڕووبوونەوەی بڵاوبوونەوەی مەترسیداریان.

 ئاماژەی بەوەشکرد، “هاوپەیمانییە نێودەوڵەتییە نوێیەکە، رێگەمان پێدەدات پێکەوە کاربکەین بۆ بەرەنگاربوونەوەی بەرهەمهێنان و بەقاچاخبردن و دابەشکردنی ماددەهۆشبەرە دەستکردەکان.”

وەزیرەکەی ئوردن ئاماژەی بەوەدا کە مەترسی جیهانی ماددەهۆشبەرەکان و ئەو سەرچاوانەی کە لەبەردەستی بەرهەمهێنەران و قاچاخچییەکانیدان، پێویستی بە هەوڵێکی هاوبەشی نێودەوڵەتی هەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی.

هەروا جەختی لە پێویستی هاوکاری لە دابینکردنی تەکنەلۆژیای پاراستنی سنوورەکان و ئاڵوگۆڕی زانیاری هەواڵگری و هاوبەشی پێکردنی ئەزموونەکان لە هۆشیارکردنەوەی خەڵک لە دژی ماددە هۆشبەرەکان و چاککردنەوەی قوربانیانی ماددە هۆشبەرەکان کردەوە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: محەمەد ئەلقازی