بایدن لەناوبردنی دوایین کۆگاکانی چەکی کیمیایی راگەیاند و داوای پابەندبوون لە رووسیا و سوریا دەکات

هەولێر– نۆرس پرێس

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی دوایین کۆگاکانی چەکی کیمیایی لەناوبردووە، هاوکات داوای لە هەریەکە لە رووسیا و سوریا کردووە، کۆگاکانیان ئاشکرا بکەن و لەناوببەن، کە بۆ ئەنجامدانی “دڕندەیی و هێرشی ئاشکرا” بەکارهێنراوە.

ئەو رێوشوێنەی کە بایدن رایانگەیاند، درێژەپێدەری پرۆسەیەکە کە لە ساڵی 1997 دەستی پێکرد کاتێک کۆنفرانسی جیهانی قەدەغەکردنی ئەم چەکە کوشندەیە واژۆکرا.

بایدن لە راگەێنراوی ماڵپەڕی فەرمی کۆشکی سپیدا، رایگەیاندووە، کە زیاتر لە 30 ساڵە ئەمریکا ماندوونەناسانە کاردەکات بۆ نەهێشتنی کۆگاکانی چەکی کیمیایی.

بایدن رایگەیاند: “ئەمڕۆ بە شانازییەوە رایدەگەیەنم کە ئەمریکا دوا تەقەمەنی لەم کۆگایەدا بە سەلامەتی لەناوبردووە، هەنگاوێک لە جیهانێک نزیکمان دەکاتەوە کە دوور بێت لە ترسناکییەکانی چەکی کیمیایی”.

سەرۆکی ئەمریکا جەختی لە سەر پێویستی پابەندبوونی رووسیا و سووریا کردەوە بۆ جارێکی دیکە بە رێککەوتننامەی نێودەوڵەتی قەدەغەکردنی چەکی کیمیاییەوە، هەروەها “داننان بە بەرنامە راگەیەندراوەکانیان، کە بۆ ئەنجامدانی دڕندەیی و هێرشی ئاشکرا بەکارهێنراون”.

فێرناندۆ ئاریاس، بەڕێوەبەری گشتی رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی لە مانگی ئایاردا رایگەیاندبوو، وڵاتانی دیکەی واژۆکارانی رێککەوتننامەی چەکی کیمیایی ساڵی 1997، پێشتر سەرجەم یەدەگەکانی چەکی کیمیاوییان لەناوبردبوو.

بایدن داوای لە وڵاتانی دیکەی جیهان کرد، رێککەوتنی ساڵی 1997 واژۆ بکەن بۆ ئەوەی “قەدەغەکردنی جیهانی چەکی کیمیایی بگاتە ترۆپکی خۆی”.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر