دیمەشق – نۆرس پرێس
دوێنێ هەینی، سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی رایگەیاند، فەرەنسا گێڕانەوەی بەکۆمەڵی ژن و منداڵی ئەندامانی داعشی رادەگرێت، کە لە کامپەکانی رۆژئاوای کوردستان دەستبەسەرن.
سێشەممەی رابردوو، وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا گەڕانەوەی 10 ژن و 25 منداڵی راگەیاند کە لە کامپەکانی رۆژئاوای کوردستاندا دەستبەسەرن، لە چوارەمین پرۆسەی هاوشێوەدا، لە ماوەی ساڵێکدا.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، بەپێی ئەوەی لەلایەن دەزگای “ئاژانس فرانس پرێس”ەوە بڵاوکراوەتەوە، وەستانی پرۆسەکە بەهۆی “نەبوونی ئارەزووی گەڕانەوەیە لە لایەن دەستبەسەرانەوە”.
ئەو سەرچاوەیە رایگەیاندووە، “دوای گەڕانەوەی هەموو ئەو ژنانەی کە خواستی خۆیان بۆ جێهێشتنی سوریا دەربڕیوە، هیچ ئۆپەراسیۆنێکی دیکە لەم جۆرە ئەنجام نادرێت”.