ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەستگیرکردنی ئەندامێکی “داعش”ی لە چەمچەماڵ راگەیاند

سلێمانی – نۆرس پرێس

دوێنێ هەینی، دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، دەستگیرکردنی ئەندامێکی داواکراوی دەوڵەتی ئیسلامی “داعش”ی راگەیاند.

 بەڕێوەبەرایەتی ئۆپراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند کە ئەندامێکی “داعش”یان لەنزیک قەزای “چەمچەماڵ” دەستگیرکردووە.

لە راگەیەنراوێکی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، کە “دوای بەدەستگەیشتنی زانیاری هەواڵگری لەلایەن دەزگای دژەتیرۆری حکومەتی عێراقەوە، لەسەر داواکراوێک بە ماددەی 4ی تیرۆر کە داواکراوە لە دادگاکانی عێراق و بەمەبەستی خۆحەشاردان رووی لە هەرێمی کوردستان کردووە، هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئۆپراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایش، دەستبەجێ دەستیانکرد بە کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر شوێنی داواکراو”.

ئەوەشیان خستووەتەڕوو، کە “لە ئۆپراسیۆنێکی پلان بۆداڕێژراوی سەرکەوتوودا، لە سنوری قەزای چەمچەماڵ،بە هاوکاری هێزەکانی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی، توانرا تیرۆریست ( ث، ح، ع ) دەستگیربکەن و رادەستی یاسای بکەن”.