بەڕێوبەری خۆسەری 5 ئەندامی خێزانەکانی داعش رادەستی شاندێکی کەنەدا دەکاتەوە

قامشلۆ – نۆرس پرێس

بەڕێوبەری خۆسەری رۆژئاوای کوردستان، دوو ژن و سێ منداڵی خێزانەکانی ئەندامانی داعشی رادەستی شاندێکی کەنەدا کردەوە، ئەوەش بەپێی بەڵگەنامەیەکی فەرمی رادەستکردنەوە لە نێوان خۆسەری و کەنەدادا.

ئەوەش لە کۆبوونەوەیەکدا بڕیاری لەسەردرا، کە شاندێکی کەنەدا بە سەرپەرشتی بەرپرسانی باڵای وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا، پێنجشەممەی پێشووی، لەگەڵ دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوبەری خۆسەری کۆکردەوە و بەڕێوبەری خۆسەری دوێنێ هەینی ئەو پرۆسەی راگەیاند.

شاندەکەی کەنەدا پێکهاتبوو ڤیکتۆریا فیلەر، لە بەڕێوەبەری گشتی کونسوڵگەرییەکان لە وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا، راستا دائی، نێردەی کەنەدا بۆ سوریا.  هەریەکە لە روبیل بەحۆ، جێگری هاوسەرۆکی فەرمانگەی دەرەوە و خالید ئیبراهیم، ئەندامی فەرمانگەکە و لانە حسێن نوینەری یەکینەکانی پاراستنی ژنان، لە پێشوازی شاندەکەدا بوون

لە چوارچیوەیەکی دیکەدا، روبێل باحۆ لەمیانی دیدارەکەدا باسی لە نەخشەی دوایین کۆبوونەوەی ئەستانە کردووە، کە “چەند هاوپەیمانییەک دژی گەلی سوریا پێکدەهێنێت و ئەو هاوپەیمانیانە قەیرانی سوریا دەگوازنەوە بۆ قۆناغێکی نوێ، ئەمەش دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات و خراپتر دەبێت بۆ هەموو سوورییەکان و ناوچەکە”.

باحۆ، ئاماژەی بەوەشکرد، تاکە چارەسەر بۆ قەیرانەکە لەڕێگەی دیالۆگی سوریا و سوریاوەیە، داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد پاڵپشتی ئەو هەوڵانە بکات بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سوریا، هەروەها چارەسەرکردنی قەیران و ململانێکانی سوریا بەگوێرەی بڕیارنامەی 2245ی نەتەوە یەکگرتووەکان.

جەختیشی کردەوە، هەڕەشە بەردەوامەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکە، بە ئامانجگرتنی چڕوپڕی هاووڵاتیانی سڤیل و کارمەندانی بەڕێوبەری خۆسەری بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و بۆردومانە بەردەوامەکانی بۆ سەر ناوچەکە، بە بێ رێگریکردن و بەدەنگەوەهاتنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.

باحۆ تیشکی خستەسەر دادگاییکردنی ئەندامانی “داعش”، کە پێشتر خۆسەی رایگەیاندبوو، هەروەها چۆنیەتی ئەنجامدانی ئەم دادگاییکرنەی روونکردەوە، داوای لە کەنەدا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد پشتیوانی و هاوکاری پێشکەش بکەن و دادگاییکردنێکی دادپەروەرانە بۆ ئەو تیرۆریستانە دابمەزرێنن، تا پرسە هەڵپەسێردراو و نائارامکەرەکان چارەسەربکرێت.

جەختیشی لەوە کردەوە کە بەڕێوبەری خۆسەر بەردەوام دەبێت لە هاوکاری لەگەڵ دەوڵەتی کەنەدا و لەگەڵ هەموو ئەو وڵاتانەی کە هاووڵاتی و منداڵیان لە ناوچەکانیاندا هەیە.

لە بەرامبەردا ڤیکتۆریا فیلەرگوتی، “کەنەدا زۆر سوپاسگوزارە بۆ هاوکارییەکانی بەڕێوبەری خۆسەر، هەروەها ئاگاداری هەوڵەکانییە لە دابینکردنی چاودێری تەندروستی و دەروونی و ئەمنی بۆ هاووڵاتیانی، لە کەسانی دەستبەسەرکراو لە ژێر رۆشنایی بارودۆخی ئەمنی زۆر سەختدا و ئەو مەرجە زۆرەملێیانەی کە ناوچەکانی خۆسەری پێیدا تێدەپەڕن”.

ئاماژەی بەوەشکرد، “کەنەدا و حکومەتەکەی لە نزیکەوە و بە گرنگیدانێکی زۆرەوە بەدواداچوون بۆ دۆخەکە دەکەن و نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە سەبارەت بەو سەختی و ناهەموارییانەی کە بەڕێوبەری خۆسەری بەرگەی گرتووە، لە بەڕێوەبردن و پاراستنی ئەو زیندان و کامپانە”.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: سەعد ئەلیازچی