تەرمی قوربانیانی کەناراوەکانی جەزائیر گەڕێنرایەوە بۆ کۆبانێ و قامشلۆ
تەبەقە – نۆرس پرێس
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، ئەمبولانسەکانی مانگی سووری کوردی تەرمی 11 هاوڵاتی رۆژئاوای کوردستان، کە لە کەناراوەکانی جەزائیر خنکابوون، لە نەخۆشخانەی تەبەقەوە گواستەوە بۆ شارەکانی کۆبانێ و قامشلۆی رۆژئاڤا.
چەند رۆژێک لەمەوبەر، بەشی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوبەری خۆسەری کۆتاییهاتنی ئامادەکارییەکانی گواستنەوەی تەرمەکانی بۆ رۆژئاڤا راگەیاند، دوێنێش پێنجشەممە، خاچی سووری لوبنانی تەرمەکانی لە فڕۆکەخانەی بەیروتەوە بۆ سنووری سوریا گواستەوە، تا خاچی سووری سوریا لێیان وەرگرێت.
لە 4ی حوزەیرانی رابردوودا، بەلەمێک کە نزیکەی 25 کۆچبەری هەڵگرتبوو و زۆربەیان خەڵکی کۆبانێی رۆژئاوای کوردستان بوون و ژن و منداڵیشیان تێدابوو، لە کەناراوەکانی جەزائیر نوقم بوو، لەکاتێکدا دەیانویست بە دەریادا و بەرێگەی قاچاخ بگەن بە کەناراوەکانی ئیسپانیا.
پەیامنێری نۆرس پرێس لە تەبەقەوە رایگەیاند، بە ئامبوڵانس تەرمی 8 قوربانیی گواستراونەتەوە بۆ شاری کۆبانێ، لەوێ بەخاک دەسپێردرێن.
باسی لەوەشکرد، کە تەرمی سیانی دیکەیان گواستراونەتەوە بۆ قامشلۆ، ئەوانیش سەر بە بنەماڵەیەکی ناوچەی عەفرینن، کە لە دوای دەستبەسەرداگرتنی عەفرین لەلایەن تورکیا و گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانی دڵسۆزیانەوە، لە بەهاری 2018ەوە لە قامشلۆ نیشتەجێ بوون.
ئیبراهیم حەفتارو، لە دەستەی کۆمەڵایەتی عەفرین (کۆمەڵەیەک بۆ ئاوارەبووانی عەفرین لە قامشلۆ) رایگەیاند، ئەوان ئاگاداری ناشتنەکەیان بوون، هەروەها خێزانەکە لەگەڵ گەیشتنی تەرمەکان لە گۆڕستانی گەڕەکی ئەلهیلالییە لە قامشلۆ بە خاک دەسپێردرێن .
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو خێزانە لە چوار ئەندام پێکدێن، بەڵام دەسەڵاتدارانی جەزائیر بچوکترین منداڵیان رادەستی ئەو خێزانە نەکردوەتەوە (کە تەمەنی یەک ساڵانە)، بە بیانووی ئەوەی لەسەر خاکی جەزائیر لەدایک بووە و منداڵەکە ناسنامەی نەبووە، بۆیە لەوێ نێژراوە.