ئەمریکا: بەڵگەمان هەیە رووسیا فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی لە ئێران کڕیوە
هەولێر – نۆرس پرێس
دوێنێ پێنجشەممە، لیندا تۆماس-گرینفیڵد، نوێنەری هەمیشەیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە نەتەوەیەکگرتووەکان، ئاماژەی بەوەکرد، بەڵگەیان هەیە کە رووسیا فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی لە ئێران کڕیوە.
گوتیشی: “بە پشکنین و لێکۆڵینەوە لەو چەکانەی رووسیا دژی ئۆکرانیا بەکاریان دەهێنێت، پێویستە لێکۆڵینەوە لە کڕین و فرۆشتنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بکرێت لە نێوان تاران و مۆسکۆدا”.
لە راگەیەندراوێکیدا، لیندا تۆماس-گرینفیڵد رەخنەی لە راپۆرتی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان گرت، کە لە دانیشتنی تایبەت بە تاوتوێکردنی چالاکییە ئەتۆمییەکان لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی خوێندرایەوە و تیایدا باس لە کڕین و فرۆشتنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان نەکراوە لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا.
تۆماس-گرینفیڵد ئاماژەی بەوەش دا، ئەو کڕین و فرۆشتنە پێشێلکردنی بڕیاری ژمارە 2231ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییە، بەپێی ئەو بڕیارە، بەرپرسیارێتیی سکرتاریەتی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکانە لێکۆڵینەوە بکات لە کڕین و فرۆشتنی نێوان تاران و مۆسکۆ.
گوتیشی، ئەمەریکا بەڵگەی لەبارەی هەوڵەکانی رووسیا و ئێران هەیە، بۆ دەستەبەرکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و ئەمەشیان خستۆیتە بەردەم سکرتاریەتی نەتەوەیەکگرتووەکان و گوتیشی: “سکرتێری نەتەوەیەکگرتووەکان ئەو بەڵگانەی ئۆکرانیا و لایەنەکانی دیکەی لەبارەی ئەو پێشێلکاریانە پەسەند نەکردووە و ئەوەش هەڵەیەکی حاشاهەڵنەگرە”.
نوێنەری هەمیشەیی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، کە پەرەپێدان و بڵاوبوونەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی “مەترسییەکی جیهانییە.”
تۆماس-گرینفیڵد گوتیشی: “پێویستە نەتەوەیەکگرتووەکان بەبێ دواکەوتن تیمێکی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون رەوانەی ئۆکرانیا بکات بۆ پشکنینی پاشماوەی ئەو چەکانەی رووسیا دژ بە کیێڤ بەکاریهێناون”.