کۆبانێ – نۆرس پرێس
دوێنێ پێنجشەممە، پەیمانگای دیدگا “فەجین” ئێوارەیەکی موزیک و گۆرانی لە ژێر دروشمی “کۆبانێ..هەموو خۆشەویستیەک” لە سەنتەری “باقی خەدۆ بۆ ڕۆشنبیری و هونەر” لە شاری کۆبانێ، بە سەرپەرشتی دەستەی رۆشنبیری لە دەڤەری فورات سازکرد.
حسێن خانی، بەڕێوەبەری ئینستیتیوتی دیدگا، بە نۆرس پرێسی راگەیاند، ” لەو ئێوارەدا، 70 منداڵ و گەنج بەشدارییان لە موزیکژەندن و گۆرانی گوتندا کردووە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمە سێیەم ئێوارەیە لە جۆری خۆیدا کە لەلایەن پەیمانگای دیدگاوە رێکدەخرێت لە دوای دامەزراندنی بەفەرمی لە ساڵی 2019وە.
خانی رایگەیاند کە ئامانجی ئەم پەیمانگایە فێرکردنی مۆزیکە بە منداڵان بە شێوەیەکی ئەکادیمی، جگە لە پاراستنی کەلتوور و موزیک و فۆلکلۆر و میراتی باوباپیران.
راشیگەیاند، کارگێڕی پەیمانگاکە چاوی لە پێشکەوتنەکانی بواری موزیکە لە جیهاندا، بە ئامانجی سوودوەرگرتن لێیان لە پەرەپێدانی موزیک لە ناوچەکەدا بە شێوەیەکی ئەکادیمی.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئامانج لە رێکخستنی ئێوارەکە لەلایەن پەیمانگاوە ئاگادارکردنەوەی دایک و باوکی ئەو منداڵانەیە کە لە پەیمانگا راهێنراون لە ئاست و نمایشی منداڵەکانیان لە ژەنین و گۆرانی گوتندا، ئەمە جگە لە راکێشانی بەهرەمەندی زیاتر.
روونیشیکردەوە، ئەو منداڵ و گەنجانەی کە بەشداری ئێوارەکەیان کردووە، تەمەنیان لە نێوان 7 بۆ 22 ساڵ بووە، کە نزیکەی پەنجا منداڵ بەشدارییان لە بەشی یەکەمدا کردووە، کە زۆربەیان ئامێری “تەنبور” و “کەمانچە”یان ژەندووە، ئەمە جگە لە ژەنینی عود و گیتار.
خانی ئاماژەی بەوەدا کە ژمارەی فێرخوازانی پەیمانگاکە 200 کەسە، هەروەها ئەو ئامێرە مۆسیقیانەی کە منداڵەکان لەسەری راهێنراون بریتین لە “تەنبور لە پلەی یەکەمدا، کەمانچە و گیتار، جگە لە مەشق و راهێنانی سۆڵفیج”.
هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە پەیمانگاکە پلانی هەیە ئامێری موزیکی دیکەی وەک “قانون و ئامێرە باییەکانی وەک کلارنێت و فلوت و می کوالا و ئامێرە مۆسیقیەکانی دیکە” لە بەرنامەی کاری پەیمانگاکەدا زیاد بکات.
خانی، هیوای خۆی دەربڕی کە قوتابخانەیەکی مۆسیقا بە پاڵپشتی بەڕێوبەری خۆسەری بکرێتەوە، بە ئامانجی راکێشان و راهێنانی ژمارەیەکی زیاتری بەهرەمەندانی مۆسیقا و گۆرانی.
لە بەرامبەردا کچۆڵەیەکی تەمەن 13 ساڵان، بە ناوی نازدار شێخۆ دەڵێت، ماوەی سێ ساڵە لە پەیمانگاکە مەشق و راهێنان دەکات بۆ ژەنینی کەمانچە بە سەرپەرشتی هونەرمەند حسێن خانی.
گوتیشی، سەرەتا ئاستی ژەنینی لاواز بووە، بەڵام لەگەڵ مەشقەکاندا پەرەی سەندووە، ئەمەش دووهەم ئێوارەیە کە بەشداری لەو ئیوارە هونەریەدا دەکات.
نازدار گوتیشی، بەشداریکردن لەم ئێوارەیەدا بەهێزتر بووە لە بەشداریکردنی لە ئێوارەی پێشوو لەڕووی نمایش و ئامادەبوونەوە، خۆشحاڵی خۆی لەم ئێوارەیەدا دەربڕی بەهۆی سەرسامی بینەران بۆ نمایش و ژەنینی بەکۆمەڵیان، بەو هیوایەی بتوانێت کارێکی باشتر پێشکەش بکات لە داهاتوو.