ئاوی زەوی لە کوێوە هاتووە؟ زانایان نهێنییەکە ئاشکرا دەکەن

هەولێر – نۆرس پرێس

ئاو 71٪ی کۆی رووبەری هەسارەی زەوی پێکدەهێنێت، بەڵام پرسیارێکی گەورە بێ وەڵام ماوەتەوە: ئەم ئاوە لە پلەی یەکەمدا لە کوێوە هاتووە؟

بەدرێژایی ساڵان زانایان چەندین گریمانەیان خستە روو کە هەوڵیا دا روونکردنەوەیەک بۆ بوونی ئاو لەسەر رووی زەوی بدۆزنەوە.

ئەم گریمانانە لە هاتنی ئاو بۆ سەر زەوی لە رێگەی ئەستێرە بچووکەکانەوە دەست پێدەکات کە لەگەڵیدا پێکدادان، تاوەکو دەگاتە ئەوەی کە زەوی خۆی ئاوی لەسەر خۆی بەرهەم هێناوە.بەگوێرەی رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی، ئەمرۆ پێنجشەممە، بڵاویکردۆتەوە کە ئێستا زانایانی پەیمانگای تەکنەلۆجیای کالیفۆرنیا بازدانێکی گەورەیان لەسەر رێگای چارەسەرکردنی ئەم نهێنییە ئەنجامداوە،

دەڵێن زەوی لە بارستەی وشک و بەردین دروست بووە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئاو لە قۆناغێکی درەنگدا لە دروستبوونی هەسارەکەدا دەرکەوتووە.

ئەوان رایانگەیاندووە، زیادکردنی ماددە ناجێگیرە گەورەکانی پێویست بۆ ژیان بۆ هەسارەکە، لەوانەش ئاو، لە کۆتا لەسەدا 15 پرۆسەی دروستبوونی زەویدا روویداوە.

مێژووی دروستبوونی زەوی دەگەرێتەوە بۆ 4.5 ملیار ساڵ و زانایان لە هەوڵدان بۆ تێگەیشتن لەو پرۆسانەی کە هەسارەکە تێیدا سەریهەڵداوە.

لە یەکێک لە ئاسانترین رێگاکاندا بۆ لێکۆڵینەوە لە چۆنیەتی دروستبوونی هەسارەیەک، زاناکان شوێنپێی ماگما (بەردی تواوە) دەگرن کە بە قووڵی دەرژێتە ناوەوەی زەوی.

لە کاتێکدا کە زەحمەتە بچینە ناو قووڵایی زەوی، ماگما رێگەی خۆی دەکاتەوە تا لەسەر رووی زەوی لە شێوەی لاڤادا دەردەکەوێت.

زانایان پێیان وایە ماگما لە قووڵاییە جیاوازەکانی ناو زەویەوە دروست دەبێت، وەکو پۆششی سەرەوە کە لە 15 کم لە ژێر رووی زەویەوە دەستپێدەکات و تا 680 کم لە ژێر زەویدا درێژ دەبێتەوە، هەروەها پۆششی خوارەوە کە لە دووری 680 کم درێژ دەبێتەوە ژێر زەوی تا 2900 کم ژێر زەوی.

بە لێکۆڵینەوە لە چینەکانی زەوی، زاناکان گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە ئاو یەکسەر دروست نەبووە، بەڵکو وەک مادەیەک کۆبووەتەوە کە بە تێپەربوونی کات لەگەڵ یەکتردا تێکەڵ دەبن.

ئەمەش بەو مانایەیە کە پۆششی سەرەوە و خوارەوە دەتوانن ئاماژەی جیاواز بدەن سەبارەت بەوەی کە لە کاتی دروستبوونی هەسارەکەدا چی روویداوە.

لە لێکۆڵینەوەکەدا توێژەران دۆزییانەوە کەمی ماددەی هەڵاوساوی لە قوڵایی زەویدا دەرکەوتووە، کە ئەو ماددانەن

بە ئاسانی دەتوانن بەهەڵم ببن و ئاویش لەخۆ بگرن.

بەڵام ئەم ماددانە بە زۆری لە چینە سەرەوە (پۆشاکی سەرەوە)دا دەبینرێن.

ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە زەوی کاتێک لەدایک بووە وشک و بەردین بووە و ئاو لە سەردەمێکی دواتردا هاتۆتە سەر هەسارەکەمان.