میدیاکانی ئێران هەواڵی هێرشکردنە سەر دوو کەشتی نەوتهەڵگر لە گەروی هورمز رەتدەکەنەوە
هەولێر – نۆرس پرێس
هێزى دەریایی ئەمریکى، رێگرىکرد لە هێزى دەریایی ئێران، کە دەست بگرێت بەسەر دوو کەشتى نەوتهەڵگر لە نزیک گەروى هورمز، ئەم پێشهاتەش هاوکاتى هەوڵەکان بوو بۆ هێورکردنەوەى ئاڵۆزییەکانى نێوان ئەو دوو وڵاتە.
تیم هۆکینز، گوتەبێژى کەشتییە فرۆکەهەڵگر و سەربازییەکانى ئەمریکا بە ئاژانسى ئەسیۆشەیتد پرێسى رایگەیاندووە، هێزەکانى ئێران تەقەیان لە دوو کەشتیی نەوتهەڵگر کردووە، بە مەبەستى دەستبەسەردا گرتنیان.
بە گوتەى هۆکینز، هێزى دەریایی ئەمریکا رێگر بووە لەوەى دەست بەسەر ئەو دوو کەشتییە بگیرێت.
ئەوە لەکاتێکدایە، میدیاى فەرمیی ئێران رەتىکردووەتەوە رووداوى لەو جۆرە روویدابێت.
لە ساڵی 2019وە ئێران چەندینجار هێرشی کردووەتەوە سەر کەشتییە نەوتهەڵگر و بازرگانییەکان، کە بووەتە هۆی زیادبوونی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران.
بەپێی رێکخراوی ڤۆرتێکسا، کە تایبەتە بە چاودێریی جموجۆڵی وزەی جیهان، نزیکەی پێنجیەکی نەوتی هەناردەکراوی جیهان بە گەرووی هورموزدا دەڕوات، کە کەلێنە ئاوێکە لە کۆتایی نۆکەندی عەرەب لەنێوان سنووری ئێران و عومان.
گەروی هورمز، رێڕەوێکی ئاوییە وڵاتانی هەناردەکاری نەوت لە رۆژهەڵاتی ناوەراست دەبەستێتەوە بە بازاڕی نەوتی ئاسیا و ئەوروپا و ئەمریکای باکور و وڵاتانی دیکە، ماوەی چەند دەیەیەکە بووەتە خاڵێکی بەهیزی ناکۆکی و چەکیکی کاریگەری بەدەست ئێرانەوە.
رێرەوە ئاوییەکە، ئێران لە میرنشینی عەممان جیادەکاتەوە و کەنداوی عەممان و عەرەب بەیەکەوە دەبەستێتەوە، لە باکوورەوە و ئێران و لە باشوورەوە عەممان لە یەکتر جیادەکاتەوە.