پرۆسەی نەشتەرگەری جیاکردنەوە دووانە سوورییەکان بە سەرکەوتوویی ئەنجامدرا
دیمەشق – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ پێنجشەممە، بە بەشداری تیمێکی گەورەی پزیشکی و نەشتەرگەری، نەشتەرگەرییەک بۆ جیاکردنەوەی دوانە بەیەکەوە نووساوە سورییەکە “ئیحسان و بەسام” ئەنجامدرا، نەشتەرگەرییەکەش تەواو بوو و تاجی سەرکەوتنی لەسەر دانرا، لەگەڵ ئەگەری ئەوەی کە یەکێکیان لەوانەیە ژیانی لەدەستبدات.
لە 25 مانگی ئایاردا دوانەیەکی سوریی گواسترانەوە بۆ پایتەختی سعودیە بۆ ئەوەی نەشتەرگەری جیاکردنەوەیان لە نەخۆشخانەیەکی سعودیی بۆ ئەنجامبدرێت کە لەم جۆرە نەشتەرگەرییەدا پێشکەوتووە.
دوانە بەیەکەوە نووساوەکە بە ناوەکانی ئیحسان و بەسام خەڵکی شاری ئیدلب لە باکووری رۆژئاوای سوریان، لە ساڵی 2021 بەبێ ئەوەی نەشتەرگەری بۆ بکرێت بۆ نەخۆشخانەی فاکەڵتی پزیشکی لە ئەنقەرە گواستراونەتەوە.
دوانە سورییەکان بە ناوەکانی بەسام و ئیحسان تەمەنیان 32 مانگە و پێکەوە کێشیان 19 کیلۆگرامە و بەشی خوارەوەی سنگ و سک و جگەر و ڕیخۆڵەیان هاوبەشە.
ئەم نەشتەرگەرییە 58ەمین ئۆپەراسیۆنە لە چوارچێوەی بەرنامەی شانشینی سعودیە بۆ دووانە هاوبەشەکان، چونکە بەرنامەکە لە ساڵی 1990ەوە سەرپەرشتی 130 حاڵەتی لە 23ەوە وڵاتەوە کردووە.
لەمبارەیەوە، د.عەبدوڵا ئەلرەبیعە سەرۆکی تیمی پزیشکی و نەشتەرگەری، بە میدیاکانی راگەیاند،” ئێمە پەلەمان کرد لە جیاکردنەوەی دووانەکان، بەهۆی بوونی چەندین کەموکوڕی زگماکی لە ئیسحاندا، چاوەڕێی ژیان لەم منداڵەدا ناکەین”.
ئەلرەبیعە ئاماژەی بەوەدا کە پرۆسەی نەشتەرگەرییەکە زیاتر لە 9 کاتژمێری خایاندووە، و بە 5 قۆناغ بەرێوەچووە، بە بەشداری 26 ئەندامی راوێژکار و پسپۆڕ و تەکنیکی و پەرستاری و ستافی پاڵپشتی.