بەیروت – نۆرس پرێس
پاشنیوەرۆی ئەمرۆ پێنجشەممە ئۆتۆمبیلەکانی خاچی سووری لوبنان بەرەو سنووری سوریا بەرێکەوتن بۆ رادەستکردنی تەرمی ئەو سوریانەی کە لە کەناراوەکانی جەزائیر خنکاون.
لە 4ی حوزەیرانی 2023، بەلەمێک کە نزیکەی 25 کۆچبەری هەڵگرتبوو کە زۆربەیان خەڵکی کۆبانێی رۆژئاوای کوردستان بوون و ژن و منداڵیشیان تێدابوو، لە کەناراوەکانی جەزائیر نوقم بوو، لەکاتێکدا بە هیوا بوون بۆ گەیشتن بە کەناراوەکانی ئیسپانیا.
بەلەمەکە لە کەناراوەکانی شاری ئەلئەرحەتی ویلایەتی تیپازەی جەزائیرەوە بەرەو ئیسپانیا بەرێکەوت و دوای چەند کاتژمێرێک بەلەمەکە نقوم بوو، تەنها منداڵێکی خەڵکی کۆبانێ لەنێو سەرنشینانی بەلەمەکەدا رزگاری بووە.
عەبدولسەلام ئەحمەد، نوێنەری بەرێوبەرایەتی خۆسەر لە لوبنان، بە نۆرس پرێسی راگەیاند، ئۆتۆمبێلەکانی خاچی سووری لوبنان لە فرۆکەخانەی رەفیق حەریر، بەیروت بەجێهێشت و تەرمی 11 هاوڵاتی سورییان بەرەو سنووری سوریا و لوبنان هەڵگرت.
ناوبراو بە نۆرس پرێس گوت:” بەرەبەیانی ئەمرۆ تەرمەکان لە جەزائیرەوە بە فرۆکە گەیشتوونەتە شوێنەکە، و دوای ئەنجامدانی رێکارە کارگێرییەکان وەرگیراون.”
ئاماژەی بەوەشکرد، دوای نیوەرۆی ئەمرۆ، تەرمەکان لە دەروازەی سنووری عەریدە رادەستی مانگی سووری سوریا دەکرێن.