پسپۆڕێکی عێراقی دیمەشق و بەغدا بە بەرپرس دەزانێت لە کارەساتی کەمی ئاو

هەولێر – نۆرس پرێس

پسپۆڕێکی عێراقی لە دۆسیەی ئاودا هۆشداری دەدات لە “کارەساتی کەمی ئاو” کە ڕووبەڕووی سوریا و عێراق دەبێتەوە و ئەو دوو وڵاتە بە هۆکاری لاوازی و نەتوانینی یەکخستنی هەڵوێستەکانیان بەرامبەر بە تورکیا دەزانێت، کە نیوەی پشکی خۆیان لە رووبارەکانی فورات و دیجلە وەرناگرن.

عادل ئەلموختار، پسپۆڕەی سەرچاوە ئاوییەکان، هاوکات راوێژکاری پێشووی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاوی پەرلەمانی عێراق، باس لە کاریگەرییە گەورەکانی پڕۆژەکانی وڵاتانی دراوسێ کرد لەسەر قەیرانی ئاو لە عێراق و سوریا، ئاماژەی بەوەدا کە ئەم پرسە ماوەیەکی زۆرە هەیە و ئەمڕۆ و دوێنێ لەدایک نەبووە.

لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ نۆرس پرێس، ئەلموختار جەختی لەسەر مەحاڵبوونی گەشتن بە هیچ جۆرە چارەسەرێک کردووەتەوە، “بەبێ ئەوەی هەردوو وڵات، سوریا و عێراق، هەڵوێستەکانیان لەبەردەم کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا یەکنەخەن”.

داواکارییەکانی عێراق و سوریا لە وڵاتی سەرەوەی (تورکیا) بۆ پابەندبوون بە رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکانەوە دووبارە کرایەوە، بەپێی مافی وڵاتانی کەنار دەریا لەسەر رووباری دیجلە و فورات، بەو پێیەی دوو رووباری نێودەوڵەتین، دابەزینی ئاستەکانیان بووە هۆی زیانگەیاندنی گەورە بە کەرتی کشتوکاڵ و ئاژەڵ و ژیانی دانیشتوانی هەردوو وڵات.

سەبارەت بە سوریا، مەترسی وشکەساڵی و کەمی ئاو لە ساڵی رابردوودا گەیشتە ئەو ئاستەی کە ببێتە هۆی بڵاوبوونەوەی پەتای وەک کۆلێرا، بەگوێرەی رێکخراوی تەندروستی جیهانی.

بەڵام جگە لە پرسی کاریگەرییەکانی کەشوهەوا و وشکەساڵی لە ئەنجامی کەمی بارانبارین، چاودێران و دەسەڵاتدارانی بەرپرس لە کاروباری سەرچاوە ئاوییەکان لە باکووری رۆژهەڵاتی سوریا پێیان وایە تورکیا دۆسیەی ئاوی رووبارەکانی دیجلە و فورات وەکو کارتی جیۆپۆلیتیکی بەکار دەهێنێت، بەبێ ئەوەی گرنگی بە مافە ئاوییەکانیان بدات.

شاری حەسەکە و گوندەوارەکانی لە رۆژئاوای کوردستان، بوونە نموونەیەک بۆ ئەو کارەساتەی کە لە ئەنجامی کەمی ئاو بە هۆکاری جیۆپۆلەتیکییەوە سەریهەڵداوە، بەو پێیەی نەهامەتییەکانی ئەو شارە بە کۆنتڕۆڵکردنی گروپەچەکدارەکانی سەر بە تورکیا بەسەر سەرێکانێدا دەستیپێکرد و بڕینی ئاوی وێستگەی عەلووک لە ساڵی 2019.

هەروەها عێراق بەهۆی وشکەساڵی و دابەزینی ئاستی ئاوی رووبارەکانی دیجلە و فوراتەوە بە توندی کاریگەری لەسەرە و بەرپرسانی ئەو وڵاتە لە زیاتر لە بۆنەیەکدا رایانگەیاندووە کە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنی سوریا دەکەن بۆ بەدەستهێنانی مافی ئاوی دادپەروەرانە.

ئەو پسپۆڕە عێراقییە زۆری لا سەیر بوو، کە هەردوو وڵات (سوریا و عێراق) لەسەر ئەو دۆسیە گفتوگۆدەکەن  و بەڵێن بە یەکتر دەدەن، بەبێ ئەوەی بەشێوازێکی پراکتیکی و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا هیچ کارێک بکەن.

سەرسوڕمانی خۆی دەربڕی کە عێراق بەناوی سوریاوە پشتیوانی دەکات لە دانوستان لەگەڵ تورکیادا، “ئەمەش هیچ لە دۆخە کارەساتبارەکە ناگۆڕێت، بەڵکو لاوازیان دەردەخات، لەکاتێکدا دەبوایە لە هەموو کۆڕ و کۆڕبەندە نێودەوڵەتییەکان یەکبگرن بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە”.

بەر لە تواندنەوەی سەهۆڵبەندانەکانی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق، وەزارەتی سامانە ئاوییەکانی عێراق لە حکومەتی پێشوودا رایگەیاندبوو کە وەک بریکارێک بۆ سوریا لەگەڵ تورکیا دانوستان دەکەن، بەڵام ئەو پسپۆڕە عێراقییە باسی لە زانیاری نەکردووە سەبارەت بەوەی ئایا عێراق تا ئێستاش بە نوێنەرایەتی سوریاش دانوستان دەکات یان نا.

ئەلموختار ئاماژەی بە ئەگەری تاوتوێکردنی هاوبەشی ئەو پرسە کرد لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمکاری عەرەبی و کۆڕبەندە نێودەوڵەتییەکانی دیکە، کە دەبێت هەڵوێستی راستەقینە لەسەر ئەم پرسە بگرنەبەر.

بەڵام بەداخەوە بوو کەوا گرنگی پێنەدراوە، ئەمەش هاوتایە لەگەڵ “گەورەیی ئەو کارەساتە” کە بەسەر ئەو دوو وڵاتەدا دێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەغدا و دیمەشق نەیانتوانیوە، تا ئەم ساتەوەختە، جیهان بە پرسی رووباری فورات رازی بکەن، کە لەلای تورکیا هەڵپەسێردراوە.

بەغدا دووپاتی دەکاتەوە، بەپێی ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییە کارپێکراوەکان، بڕی رەهای رووباری فورات لە وڵاتی سەرەوە تا وڵاتانی خوارەوە، کە لە سنووری تورکیا و سوریاوە دەستپێدەکات، دەبێت بگاتە 500 مەتر سێجا لە چرکەیەکدا، (42% بۆ سوریا بە بڕی 210 مەتر سێجا، و 58% بۆ عێراق بەبری 290 مەتر سێجا).

ئەو پسپۆڕە هۆشداریشیدا لە “دۆخی کارەساتبار” کە مەترسی لەسەر ژیان دروست دەکات، بەتایبەتی دۆخی رووباری فورات، چونکە تەنها نیوەی پشکی یاسایی دەگاتە سوریا و عێراق.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر