حکومەتی دیمەشق: بەشداری لە کارەکانی لیژنەی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی ناکەین

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئەمرۆ چوارشەممە، 5ی تەمموزی 2023، حکومەتی دیمەشق، لە رێگەی نوێنەری هەمیشەیی خۆی لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بە یەکجاری رەتیکردەوە دانبدات بە (لیژنەی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی بۆ دیارکردنی چارەنووسی ونبووەکان)، بەبیانووی ئەوەی کۆمسیۆنەکە لە ماوەی ساڵانی رابردوو شکستی هێناوە لە مامەڵەکردنێکی بێلایەن لە قەیرانی سوریادا.

نوێنەری هەمیشەیی سوریا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤ، حەیدەر عەلی ئەحمەد، لە میانی گفتوگۆی سەبارەت بە (لیژنەی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی) کە پەیوەندیدارە بە سوریاوە رایگەیاند، “بریارە نوێیەکە هیچ جیاوازییەک لەگەڵ بریارەکانی رابردوو نەبووە کە لە سەرجەمیاندا دژایەتی سوریا لە پلەی یەکەمدا بووە.”

نوێنەری سوریا ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو وڵاتانەی پاڵپشتی ئەم لیژنەیە دەکەن، وەک هەمیشە هەڵوێستی “نابەرپرسیارانە” دووبارە دەکەنەوە کە ئازارەکانی گەلی سوریا درێژکردەوە و مافە سەرەتاییەکانیان بەرتەسکرد، ئەو وڵاتانەی کە پاڵپشتی لیژنەکە دەکەن لە وتارەکانیاندا باسی مافی مرۆڤ و بابەتی دیکە دەکەن، کە چی تاوەکو ئێستاش بەشداری دەکەن لە کوشتن و ئاوارەکردنی سورییەکان.

ناوبراو بریاری دامەزراندنی ئەو لیژنەی بە “نارەزامەندی” وەسف کرد، ئاماژەی بەوە کرد کە سوریا بەشداری دامەزراندنی نەکردووە و بەشداری لە کارەکانیدا ناکات، چونکە بەبێ داواکاری، رەزامەندی، یان پشتیوانی وڵاتی پەیوەندیدار دروستکراوە، هەروەها دەڵێت ئامانجی دامەزراندنی لیژنەکە روونە، دەستوەردانێکی دیکەیە لە کاروباری ناوخۆی سوریادا.