هەولێر- نۆرس پرێس
وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەو فەرمانبەرانە ئاگادار دەكاتەوە كە داوای پێدانی مۆڵەتی خوێندنیان كردووە داوایان لێ دەکات دوای دەرچوونی ئەنجامی تاقیكردنەوەكان، لە ماوەی دوو هەفتەدا سەردانی دیوانی وەزارەت بكەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، لە نووسراوێكی وەزارەتی دارایی و ئابووریدا هاتووە، ئەو فەرمانبەرانەی داوای پێدانی مۆڵەتی خوێندنیان كردووە، لە ماوەی دوو هەفتە دوای دەرچوونی ئەنجامی تاقیكردنەوەكان، سەردانی لیژنەی پێدانی مۆڵەتی خوێندن بكەن لە دیوانی وەزارەت.
ئەو نووسراوە لە كاتێكدایە دوێنێ ئەنجامی تاقیكردنەوەكانی خوێندنی باڵا لە هەرێمی كوردستان بڵاوکراوەتەوە، هەر وەزارەتێك چەند كورسییەكی بەپێی پێویستی بۆ فەرمانبەرانی دیاری كردووە.
لە 12ی حوزەیران تاقیكردنەوەكانی خوێندنی باڵا لە هەرێمی كوردستان ئەنجامدران، بەپێی ئامارەكان زیاتر لە 15 هەزار بەشداربوی هەبووە، هەر خوازیارێكی خوێندنی باڵا كە فەرمانبەری حكوومی بووە، پێویستی بە لاری نەبوون هەبووە.