گۆتێرێس داوا لە ئەنجومەنی ئاسایش دەکات گەشتنی هاوکارییەمرۆییەکان بۆ سوریا درێژبکاتەوە
دیمەشق – نۆرس پرێس
دوێنێ سێشەممە، بەرپرسێکی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس ئەمینداری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان هیوادارە ئەنجوومەنی ئاسایش دەنگ بدات بۆ بەکراوەیی هێشتنەوەی دەروازی سنووریی سەرەکی بۆ ماوەی ساڵێک، کە تورکیا بە باکووری رۆژئاوای سووریا دەبەستێتەوە ، بۆ گەشتنی هاوکارییە مرۆییەکان بە سوریا.
ئەو بەرپرسەی دەزگا نێودەوڵەتییەکە، بەپێی ئەوەی کە ئاژانسی “ئەسۆشیەیتد پرێس” بڵاویکردووەتەوە، رایگەیاندووە: “ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان هیوادارە لە کۆتایی ئەم مانگەدا ئەنجومەنی ئاسایش دەنگ بدات لە بەرژەوەندی بەکراوەیی هێشتنەوەی دەروازەیەکی سەرەکی سنووری کە تورکیا بە باکووری رۆژئاوا سوریاوە دەبەستێتەوە و لەژێر کۆنترۆڵی گروپەکانی ئۆپۆزسیۆندایە، بۆ ماوەی ساڵێک لەبری شەش مانگ، بەمەبەستی گەیاندنی هاوکاری مرۆیی پێویست”.
نزیکەی 4 ملیۆن کەس لە باکووری رۆژئاوای سوریا دەژین، سەدان هەزار کەسیش لە کامپەکاندا دەژین و پشت بەو هاوکارییانە دەبەستن کە لە رێگەی دەروازەی سنووری باب ئەلهەواوە دێن.
بڕیارە ئەنجوومەنی ئاسایش لە چەند رۆژی داهاتوودا دەنگ لەسەر بڕیارنامەکە بدات، چونکە ماوەی درێژکراوەی پێشووی کردەنوەی دەروازەکە لە 10ی تەمموزدا کۆتایی دێت.
جێگری رێکخەری مرۆیی هەرێمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ قەیرانی سوریا، دەیڤد کاردین، گوتی: سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان زۆر بەڕوونی داوای لە ئەنجومەنی ئاسایش کردووە بڕیارنامەی دەروازە سنوورییەکان کە لە 10ی تەمموزدا کۆتایی دێت، بۆ ماوەی 12 مانگ نوێ بکاتەوە.
هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، نوێکردنەوەکە پێویستە بۆ ماوەی 12 مانگ بێت، بۆ ئەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان پرۆژەکانی وەک دروستکردنی پەناگەی هەمیشەیی جێبەجێ بکرێن.