هەولێر-نۆرس پرێس
بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی شەپۆلێکی گەرما روو لە هەرێمی کوردستان دەکات و چەند رۆژێک دەخایەنێت.
بەشی پێشبینی کەشوهەوا لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن راپۆرتێکی لەبارەی کەشوهەوای رۆژانی داهاتوو بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بەرزبوونەوەى پلەکانى گەرما لە ماوەى رۆژانى چوارشەممە و پێنجشەممە و هەینى بە 2 تا 4 پلەی سیلیزی بەرز دەبێتەوە. لە سەنتەرى پارێزگاکان لە سەرووى 41 پلەى سیلیزى و لە ئیدارەى گەرمیان لە سەرووى 44 پلەى سیلیزى دەبێت، هەروەها لە ناوچە شاخاوییەکان لەنێوان (36-40) پلەى و لە ناوچەسنوورییەکان لەنێوان (28-32) پلەى سیلیزى دەبێت.
کەشناسی راشیگەیاندووە، کاریگەرى قوڵ بوونەوەى نزمە پاڵەپەستۆى وەرزى گەرمى تا رۆژى شەممەی داهاتوو بەردەوام دەبێت پاشان پلەکانى گەرما نزم دەبێتەوە بە (2-3) پلەى سیلیزى کاریگەرى ئەم شەپۆڵە کۆتایى دێت.
دیلان رەشاد وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاند رایگەیاند، ئەو شەپۆلەی گەرمایە تۆز و خۆڵی لەگەڵ نابێت و ئاسمانی هەرێمی کوردستان بە گشتی ساماڵ دەبێت.
هەروەها رەشاد ئاماژەی بەوەشدا ، کە پێویستە هاولاتیان لە نیوەڕۆ تا عەسر خۆیان لە بەرکەوتنی تیشکی خۆر بپارێزن، بەتایبەتی ئەوانەی کە نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە.
نەوبراو گوتی ، پێشبینی دەکەین لە دەڤەری گەرمیان و سنووری پارێزگای هەڵەبجە بەرزترین پلەی گەرما بگاتە 48 پلەی سیلیزی.